لێدوانی توند و هه‌ڕه‌شه‌كردن له كوردستان هه‌ڵه‌یه
K24 – ئیستانبوڵ:
سه‌رۆك وه‌زیری پێشووتری توركیا و سه‌رۆكی "پارتی ئاینده" پرۆفیسۆر د. ئه‌حمه‌د داودئۆغلو له ئیستانبوڵ بووه میوانی به‌رنامه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینی تایبه‌تی كوردستان24 و له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد و له‌سه‌ر رووداوه گرنگه‌كانی سیاسی له وڵات و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، دید و بۆچوونه‌كانی خسته‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد، ئاماژه‌ی به گرنگیدان به زمانی زگماكی كوردیی له كه‌رتی په‌روه‌رده كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر زیادكردنی ئه‌ركی به‌رپرسانی هه‌رێمیی كرده‌وه.
له‌باره‌ی پرسی زیندانیكردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په"، داودئۆغلو ئاماژه‌ی به پێشێلكردنی بنه‌ما یاساییه‌كان كرد و گوتی: "ئه‌و له دژی ده‌ستگیركردن و زیندانیكردنی سیاسه‌تمه‌دارانه و پێویسته رێز له بڕیاری دادگای ئه‌وروپا بگیرێت، كه بڕیاری ئازادكردنی بۆ ده‌میرتاش ده‌ركردووه".
له وه‌ڵامی پرسیاری "بۆچوونی تۆ له‌باره‌ی بوونی قه‌واره‌یه‌ك له‌شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی كوردی له رۆژئاوای كوردستان كه په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت چییه؟"، داودئۆغلو گوتی: "ئه‌مه پێویسته و نابێت توركیا كوردانی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كه‌ی وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی كۆنترۆڵ نه‌كراو سه‌یر بكات".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی توركیاش له‌باره‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داودئۆغلو دووپاتیكرده‌وه، "لێدوانی توند و هه‌ڕه‌شه‌كردن له كوردستان هه‌ڵه‌یه، هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت ده‌بێت به دیالۆگ و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، پێویسته پارێزگاری له هه‌موو مافه‌كانی كورد له عێراق بكرێت و پشتیوانیشییان لێ بكرێت".
وه‌ك سه‌رۆكی "پارتی ئاینده" ئاماژه‌ی پێدا، پیشبینی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته له توركیا ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه و هه‌موو ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه به‌ر له ساڵی 2023 هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته له‌و وڵاته به‌ڕێوه‌بچێت.
ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه
* كوردستان24: به‌ڕێز داودئۆغلو، ئێوه به‌خێربێن بۆ به‌رنامه‌كه‌مان.
ئه‌حمه‌د داودئۆغلو: خێردار بن. زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.
* له گرنگترین پرسه‌كانی رۆژ له توركیا مشتومڕه‌كانی تایبه‌تن به ده‌ستوورێكی نوێ بۆ وڵات. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له مانگی شوباتی ئه‌مساڵ به‌مه‌به‌ستی دانانی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ وڵاته‌كه‌ی پارته سیاسییه‌كانی توركیای بانگهێشت كردبوو. به‌ر له چه‌ند رۆژێك ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكی مه‌هه‌په رایگه‌یاند، ئه‌وان بۆ ده‌ستووری نوێ پێشنیازی 100 خاڵ و مادده‌یان ئاماده كرووه. له‌باره‌ی ده‌ستووری نوێ ئێوه تا چه‌ند نزیكن له هه‌ڵوێستی ئاكپارتی و مه‌هه‌په؟ چ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كتان بۆ ده‌ستووری نوێ هه‌یه؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: "گۆڕینی ده‌ستووری نوێ كه ئاكپارتی و مه‌هه‌په باسی لێوه ده‌كه‌ن شتێكی كاتییه و هیچ جددیاتێكی تێدا نییه و بۆ سه‌رقاڵكردنی رۆژه. بۆچی جددی نییه؟ چونكه ئه‌و دوو پارته ده‌ڵێن: "ئێمه سیسته‌می حكومه‌تی سه‌رۆككۆماری، بنه‌ما و چوارچێوه‌ی ده‌ستووری 82 تاووتوێ ناكه‌ین". كه له خۆیه‌وه له‌سه‌ر هیچ بنه‌مایه‌كی دیكه چوارچێوه‌ی ده‌ستووری نوێ دانانرێت. به‌ڕێز باخچه‌لی ده‌ڵێت: "من 100 خاڵم ئاماده‌كردووه و ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێكی نوێ دابڕێژرێت، ئه‌مه سنووره‌كه‌یه‌تی"، هه‌ڵوێستی ئه‌وان له دڵه‌وه نییه و ئه‌وان جددی نین. بێگومان توركیا پێویستی به ده‌ستوورێكی نوێی سڤیل هه‌یه، چونكه ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئێستا به‌ركاره ده‌ستوورێكی سه‌ربازییه و هی سه‌رده‌می (ده‌ربه‌كارانه/ كوده‌تاچییه‌كانه) تا ئێستا ماوه‌ته‌وه كه له ساڵی 1980ـه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر ئیداره‌دانی وڵات‌دا گرتووه، پێویسته به به‌شداری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی سڤیل و مه‌ده‌نی به‌بێ جیاوازی ده‌ستوورێكی نوێ دابڕێژرێت. دواجار له ساڵی 2017 ده‌ستوور گۆڕا، به‌ڵام دوای ئه‌و گۆڕانكارییه توركیا كه‌وته دۆخێكی ئه‌نتی دیموكراتییه‌ت. نه‌خشه‌ڕێگای ئێمه وه‌ك "پارتی ئاینده" ئه‌وه، كه ده‌بێت ده‌ستووری نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤ دابڕێژرێت و تێیدا سیسته‌مێكی په‌رله‌مانیی به‌هێز جێگیر بكرێت".
* كوردستان24: له رۆژه‌ڤی سیاسی توركیادا پرسێكی دیكه پرسی هاوپه‌یمانێتی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانه. مه‌رال ئاكشه‌نه‌ر، سه‌رۆكی پارتی "ئی" سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانێتی پارته‌كه‌ی ئێوه پارتی ئاینده و پارتی "ده‌ڤا په‌یامی پۆزه‌تیڤ" گوتی: ده‌كرێت هاوكارییه‌ك بێته ئاراوه. وه‌ڵامی ئێوه ئه‌مه چییه؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: لێره 3 قۆناغ هه‌ن. یه‌كه‌م: دیدار، دووه‌م: هاوكاری و سێیه‌میش: هاوپه‌یمانێتی. هه‌رسێكیان جیاوازن. ئێمه له توركیا ده‌توانین له‌باره‌ی ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك دیدار و گفتوگۆ بكه‌ین. ئه‌وی دیكه‌یان هاوكارییه. بۆ نموونه له‌باره‌ی سیسته‌مێكی په‌رله‌مانیی به‌هێز له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان مه‌رال ئاكشنه‌ر، كلیچدار ئۆغلو، باباجان و كه‌ره‌موڵڵائۆغلو دیدارمان ئه‌نجامداوه، واتا ده‌كرێت له پرسه‌كانی وه‌ك سیسته‌می په‌رله‌مانی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌دا هاوكاری بێته‌ئاراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سێیه‌م واتا پرسی هاوپه‌یمانی، ده‌توانین له كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین. له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگییه‌ك له نێوانمان دروست بوو، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ پارته‌كانی دیكه قسه له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر هه‌ر له ئێستاوه پارتێك خۆی وه‌ك كۆیله‌ی ده‌ستی هاوپه‌یمانێتییه‌ك ببینێت، ئه‌نجامی باشی نابێت. ئه‌و ئاكپارتییه‌ی كه به‌ر له ماوه‌یه‌ك من سه‌رۆكایه‌تیم ده‌كرد، ئێستا بووه‌ته كۆیله‌ی ده‌ست مه‌هه‌په و كه‌وتووه‌ته دۆخێكی خراپ، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆست و برا كورده‌كانمان له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا دروست كرد. دۆسته‌كانمان له هه‌ولێر باش ده‌زانن، كاتێك میوانداری به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیمان له دیاربه‌كر و نێچیرڤان بارزانیمان له وان كرد، من و به‌ڕێز ئه‌ردۆغان هه‌مان په‌یڕه‌وی یه‌ك سیاسه‌تمان ده‌كرد، به‌ڵام كاتێكی سه‌یری سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی ئه‌ردۆغان ده‌كه‌م، سه‌رم سوڕده‌مێنێت، كاتێك ئه‌ردۆغان هه‌نگاوێك ده‌نێت بیر له‌وه ده‌كاته‌وه "ئاخۆ ده‌بێت باخچه‌لی چی بڵێت؟" و به‌گوێره‌ی بۆچوونی ئه‌و هه‌نگاوه‌كانی ده‌نێت.
* كوردستان24: ئێوه باسی كۆیله‌بوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كانی ئێستای كرد. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په جگه له هاوپه‌یمانێتی كۆمار و ملله‌تێ پێشنیازی هاوپه‌یمانێتییه‌كی دیكه‌ی كرد، ئێوه بۆ ئه‌م پێشنیازه‌ی ده‌میرتاش چ ده‌ڵێن؟ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی هه‌ده‌په تێیدا ئه‌ندام بێت ئێوه‌ش ئاماده‌ن له‌ناویدا بن یان نا؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: سه‌باره‌ت به پرسه‌كانی له‌م شێوه‌یه ده‌توانین هه‌ڵویستی خۆمان له‌كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرا بكه‌ین و قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین، به‌ڵام ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ئێمه به‌ته‌نیا ببینه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێمان گرتووه‌ته‌به‌ر. له هزری مندا هه‌میشه پلانی جێگره‌وه هه‌یه، به‌ڵام خۆم ناكه‌مه كۆیله و دارده‌ستی ئه‌و پلانه. ئێستا ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه به‌ته‌نیا ببینه ده‌سه‌ڵات.
* كوردستان24: به‌دیدگای ئێوه، ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته له توركیا له‌ئارادایه؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: ئێستا له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه توركیا خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده كردووه، چونكه قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری و گله‌یی و گازانده‌ی زۆر له‌ناو كۆمه‌ڵگه هه‌یه و چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش ته‌نیا هه‌ڵبژاردنه. ئابووری، یاسا و ئیداره‌دانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له توركیا تێكچوونه. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن سه‌رۆكایه‌تییه و ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی به سه‌رۆك كۆمار دراوه. بێگومان سه‌رۆك كۆمار له‌ڕوویدا ده‌وه‌ستێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ره‌كانی تێكچوونی زۆرن. یان باخچه‌لی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاكپارتی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، وه‌ك چۆن به‌رامبه‌ر به بوله‌نت ئه‌جه‌ڤید كردی، هه‌مان ئه‌و شته به‌رامبه‌ر به ئه‌ردۆغانیش ده‌كات، یانیش هاوار و ده‌نگێكی گه‌وره له كۆمه‌ڵگه به‌رز بێته‌وه، كه ئه‌وكات تاكه رێگه له‌به‌رده‌م ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردنه، یانیش بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆك كۆمار زیاتر بكات و به‌رده‌وام بێت، كه ئێوه ده‌زانن به‌لایه‌نی زۆره‌وه ته‌نیا دوو جار ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات، به‌ڵام به هه‌ڵبژاردنی پیشوه‌خته ده‌توانێت ئه‌و ماوه‌یه درێژ بكاته‌وه. من له‌و باوه‌ڕه‌دام، له كۆتایی ساڵی 2021 ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنێك بۆ ساڵی 2022 دێته ئاراوه و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه، واتا زۆر ئه‌سته‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بگاته ساڵی 2023.
* كوردستان24: ده‌كرێت ده‌وله‌ت باخچه‌لی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاكپارتی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: به‌ڵێ ئه‌مه ده‌كرێت. ئێستا من شار به شاری توركیا ده‌گه‌ڕێم و ده‌بینم كه خه‌ڵك گله‌یی و گازانده‌ی زۆر له ئاكپارتی ده‌كات و به‌ره‌و تێكچوون ده‌چێت و ده‌نگه‌كانی مه‌هه‌په‌ش زۆر له پاشه‌كشه‌دایه. ده‌نگه‌كانی مه‌هه‌په تا رێژه‌ی 5% نزمبووه‌ته‌وه. پێشتر ئه‌وانه‌ی له ئاكپارتی تووڕه ده‌بوون ده‌چوونه پاڵ مه‌هه‌په و رێژه‌ی هاوپه‌یمانێتی كۆماریش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌ده‌هات. ئێستا به دامه‌زراندنی پارته‌كه‌ی ئێمه ئه‌وانه‌ی له ئاكپارتی و مه‌هه‌په تووڕه ده‌بن دێنه پاڵ پارته‌كه‌مان. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی مه‌هه‌په. دواتر ئه‌گه‌ر مه‌هه‌په هه‌ستیكرد كه ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی له‌ناو ده‌چێت، ئه‌وا له ئاكپارتی دوورده‌كه‌وێته‌وه.
* كوردستان24: له‌باره‌ی پرسی كورد له توركیا ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت: "هیچ كیشه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه بوونی نییه"، ئێوه له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: به‌گوته‌ی به‌ڕێز ئه‌ردۆغان هیچ كێشه‌یه‌ك له توركیا بوونی نییه. ئه‌گه‌ر ئێوه پرسیار له ئه‌و بكه‌ن، وا هه‌ست ده‌كه‌ن كێشه‌ی ئابووریش له‌و وڵاته نییه. زۆر له مرۆڤه‌كان خۆیان له‌برسان ده‌كوژن و به‌زه‌ییمان پێیاندا دێته‌وه. رۆژانه گوێبیستی هه‌واڵه‌كانی خۆكوشتن ده‌بین كه بڵاوده‌كرێنه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی كێشه‌كانی مافی مرۆڤ پرسیار له ئه‌ردۆغان بكه‌ن، وا ده‌زانن هیچ كێشه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه‌ش نییه، به‌ڵام له‌ڕووی ژماره‌ی زیندانیكراوان، ئێستا توركیا له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایه كه زۆرترین كه‌س له زیندانه‌كانیدا به‌ندكراون. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی بوونی كێشه‌ی دادپه‌روه‌رییه. ئه‌و دۆسیانه‌ی بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا نێردراون، زۆرترینیان له وڵاتانی توركیا و رووسیاوه نێردراون. ئه‌گه‌ر له ئه‌ردۆغان بپرسن، كێشه‌ی كورد هه‌یه یان نا؟ ده‌ڵێت: "هیچ كێشه‌یه‌ك نییه". له رۆژهه‌ڵات و باشووری رۆژهه‌ڵات ژماره‌یه‌كی زۆری شاره‌وانییه‌كان له‌لایه‌ن قه‌یومه‌كانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن. ئه‌گه‌ر شاره‌دارێك له كاره‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه، ده‌بێت كه‌سێك له ئه‌نجوومه‌نی ئه‌و شاره‌وانییه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ڵبژێردرێت نه‌ك قه‌یوم. به‌ڵێ كێشه‌ی كورد هه‌یه، له توركیا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئازادی و دیموكراسی هه‌یه. سه‌یری بكه‌ن ئه‌مڕۆ زۆرێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له توركیا له‌سه‌ر من قه‌ده‌غه كراون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه میدیا له‌و وڵاته ئازاد نییه. به‌ڵام هه‌ر به‌ڕاستیK24 له‌و بابه‌ته زۆر ئازاده و منی میوان كرد، واتا ئه‌و كێشانه‌ی پێشتر چاره‌سه‌ر كراون، ئێستا جارێكی دیكه وه‌ك كێشه دێنه‌وه به‌رده‌ممان، هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ به‌كارهێنانی زمانی كوردی له‌پێناو پارێزگاریكردن و پێشخستنی ناسنامه و كولتووره جیاوازه‌كان نرابوون، سه‌رجه‌میان پووچه‌ڵ كرانه‌وه. ئه‌مه كێشه‌یه. ئێمه ناتوانین چاوپۆشی له‌و كێشانه بكه‌ین.
* كوردستان24: بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نه‌خشه‌ڕێ و كارنامه‌ی ئێوه چییه؟ سیاسه‌تی پارته‌كه‌ی ئێوه له‌باره‌ی چاره‌سه‌رییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه چییه؟ ئێستا زۆرێك له رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان كه‌مپینێكیان بۆ به‌كارهێنانی زمانی زگماكی كوردی له په‌روه‌رده‌دا ده‌ستپێكردووه. بۆ ئه‌و داواكارییه‌ی به‌كارهێنانی زمانی زگماكی كوردی له په‌روه‌رده ئێوه چی ده‌ڵێن؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: من له دژی هه‌موو قه‌ده‌غه‌یه‌كی سه‌ر زمانی كوردیم. هه‌ڵوێستی ئێمه له‌باره‌ی پرسی به‌كارهێنانی زمانی زگماكی له په‌روه‌رده‌دا دیاره. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ین، كه ده‌بێت له توركیا زمانی زگماكی له كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا زمانێكی كاریگه‌ر بێت. جگه له‌مه بۆ چاره‌سه‌ری ئێمه گرنگی به ئه‌ركی ئیداره خۆجێییه‌كان ده‌ده‌ین و ئێمه له دژی دامه‌زراندنی قه‌یومه‌كانین، چونكه قه‌یوم رێبازێكی ئه‌نتی دیموكراتیكه و ئێمه نه شارێك و نه وڵاتێك راده‌ستی ئه‌و كه‌سانه ناكه‌ین كه له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵنه‌بژێردرێت، جگه له‌و هه‌نگاوانه‌ی له پێناو زمان و كولتوور نراون، له‌سه‌ر ئاستی ئیداره خۆجێییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كوردانی ده‌ره‌وه‌ی سنووریش گرنگن و پێویسته توركیا ئه‌ركی خۆی له ژیانێكی ئاشتییانه بۆ كوردانی عێراق و سووریا جێبه‌جێ بكات.
* كوردستان24: ئێستا ئێوه سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر كوردانی عێراق و سووریا چۆن ده‌بینن؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: كاتێك من وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه بووم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بووم، مانگانه سه‌ردانی دوولایه‌نه و ئاڵوگۆڕ له نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌بوون. ئێستا كوا! سه‌یر بكه‌ن بزانن به‌م دواییانه چه‌ند سه‌ردان كراون؟ له سه‌رده‌می من به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌میشه سه‌ردانی توركیایان ده‌كرد. له‌لایه‌ن ئێمه‌شه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له وه‌زیران سه‌ردانی هه‌ولێریان ده‌كرد و منیش وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان‌م كردبوو. دوایین جار كه‌سی هه‌ره پله‌داری توركیا كه سه‌ردانی هه‌ولێری كردبوو من بووم. دوای ئه‌وه‌ی دیدگای توركیا گۆڕا، هه‌ندێك دووركه‌وتنه‌وه درووست بوو، نابێت توركیا به‌و چاوه سه‌یری كوردانی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی بكات كه ده‌توانێت كۆنترۆڵیان بكات، ده‌بێت توركیا هه‌وڵی پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ كوردان بدات.
* كوردستان24: له‌ساڵی 2017 له هه‌رێمی كوردستان، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌چوو. سه‌رۆك كۆمار و به‌رپرسانی حكومه‌تی توركیا ناڕه‌زایه‌تی توندیان نیشاندا و چه‌ندین لێدوانی توندی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا بوونه هۆی كاردانه‌وه‌ی خراپ له‌ناو كورد. ئه‌و كات ئێوه‌ش له‌ناو حكومه‌ت بوون. به بڕوای ئێوه ئه‌و هه‌ڵوێسته هه‌ڵوێستێكی راست بوو؟ یانیش سیاسه‌تێكی "چۆن پێویست ده‌كات" بوو؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: من به روونی و راشكاوی ده‌ڵێم، هه‌ڵوێستی توركیا زۆر هه‌ڵه بوو، ئه‌وه‌م به ئه‌ردۆغان و رای گشتیش راگه‌یاندبوو. له‌باره‌ی ئه‌و پرسه من و ئه‌ردۆغان جیاواز بیرمان ده‌كرده‌وه. پێویست بوو له‌ده‌ستپێك به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئه‌و پرسه‌یان له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداران گفتوگۆ بكردایه و بۆ ئه‌وه‌ی دڵی هیچ كه‌سێك نه‌ڕه‌نجێت. پێویسته هه‌موو مافه‌كانی كورد له چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدا مسۆگه‌ر و ده‌سته‌به‌ر بكرێن. ئه‌وه‌ی راستی بێت ئه‌و سنووریانه‌ی كه هه‌ن سنووری سرووشتی نین. په‌یمانی سایكس پیكۆ ئه‌و پلانه داگیركارییه ئێمه‌ی له‌یه‌ك دابڕاند. بۆیه هه‌ولێری، هه‌كاری، مووسڵی، دیاربه‌كری، حه‌سه‌كی و مێردینییان له‌یه‌ك دابڕاند. من له دژی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌م. ده‌بێت وه‌ك ئه‌وروپا سنوور كاریگه‌ر بكرێن و هاتن و چوون ئاسان بێت.
* كوردستان24: به‌بڕوای ئێوه پێویست نییه كه رێز له مافی چاره‌ی خۆنووسینی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بگیرێت؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: مرۆڤ ده‌توانێت بۆ هه‌موو میلله‌تێك دان به‌و مافه‌دا بنێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌مه له چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجام بدرێت، به‌هه‌مان شێوه یه‌كێتی ئه‌وروپا راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كاتالۆنیا له ئیسپانیا، به‌هه‌ڵه زانی.
* كوردستان24: به‌ڵام ریفراندۆم كرا!
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: له كاتالۆنیاش ریفراندۆم به‌ڕێوه‌چوو و وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی نیشان درا. به‌ڕێز ئه‌رجان، پرسه‌كه ئه‌وه‌یه كه پێویسته هه‌موو مه‌رج و بنه‌ماكان بۆ ژیانێكی خۆش بۆ كورد له عێراق جێبه‌جێ بكرێن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته توركیا پشتیوانی بكات. من له‌و باوه‌ڕه‌دام به دیالۆگ و گفتوگۆ توركیا ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. له ساڵانی پێشووشدا هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بووبێت به دیالۆگ یه‌كلایی كرانه‌وه، كاتێك رێكخراوی تیرۆریست و دڕنده‌ی داعش له هه‌ولێر نزیك بووه‌وه، ئێمه سێ شه‌و نه‌نووستین و ئه‌وكات من وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدا بووم له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئێمه هیچ كات سته‌مكاری به‌رامبه‌ر به براكانمان قه‌بوڵ ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ولێر ئارام بێت، ئێمه‌ش ئارام ده‌بین.
* كوردستان24: له ساڵی 2013 به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ده‌ست به پرۆسه‌یه‌ك كرابوو. ئه‌وكات ئێوه‌ش له ده‌سه‌ڵات بوون، بۆ ئه‌وكات هه‌ندێك ده‌ڵێن: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان نه‌یده‌ویست، بۆیه ئه‌و پرۆسه‌یه كۆتایی هات. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه جارێكی دیكه ده‌ستی به شه‌ڕی چه‌كداری كرده‌وه، بۆیه ئه‌و پرۆسه‌یه شكستیهێنا. به‌ڕای تۆ ئه‌و پرۆسه‌یه بۆچی له‌ناوچوو؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: من هه‌میشه یه‌كێك بووم له پشتیوانانی پرۆسه‌ی ئاشتی. كاتێك ئێمه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌ردۆغان ئه‌و پرۆسه‌یه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌برد، من هه‌میشه له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم و ده‌مگوت: پێویسته توركیا هه‌موو كێشه ناوخۆییه‌كانی له‌ناوخۆ چاره‌سه‌ر بكات. من هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م. ده‌بێت ئێمه خۆمان كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. پێویسته ئێمه دانیشین و گفتوگۆ بكه‌ین. به‌ڕاستی ئه‌وكات به رێبازی دیالۆگ به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك پرۆسه‌كه ده‌ستی پێكردبوو. ئه‌گه‌ر ئێمه به‌راستی قسه بكه‌ین، به‌داخه‌وه ئه‌وكات "رێكخراوی تیرۆریستی" به‌ڵێنه‌كانی به‌جێ نه‌گه‌یاند، كه پێویست بوو له ئاداری 2013 تا حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ هه‌موو ئه‌ندامه چه‌كداره‌كان له‌ناو خاكی توركیا بچنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مه رووینه‌دا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و پرۆسه‌یه‌دا رێكخراوه‌كه له كه‌وتنه‌ژێر كاریگه‌ری رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌و هیوایه بوو، كه له توركیاش ده‌توانن به هه‌مان شێوه دۆخێك دروست بكه‌ن. ئه‌وكات په‌كه‌كه پرۆسه‌ی ئاشتیی ئاوه‌ژووكرده‌وه و هه‌وڵیدا راپه‌ڕینێك له دژی سیسته‌می وڵات ئه‌نجام بدات، دوای ماوه‌یه‌ك زیان به‌ر سیسته‌می دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان كه‌وت. ئه‌گه‌ر له ناوچه‌یه‌ك پرۆسه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه هه‌ڕه‌شه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بكات، ئه‌و پرۆسه‌یه شكست ده‌هێنێت.
* كوردستان24: به‌ڕێز داودئۆغلو، ئێستا لێپرسینه‌وه‌ی كۆبانی جارێكی دیكه ده‌ستپێ ده‌كاته‌وه. زۆر كه‌س له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ستگیركراون و دۆسیه‌ی هه‌ندێكیان هێشتا به‌رده‌وامن. ده‌میرتاشیش یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه. ئه‌و گوتی: ئه‌وكات رێكخراوه‌كه ده‌ستپێشخه‌ری له شه‌ڕدا كرد. ئایا ده‌میرتاش و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وكاته بوون كه بوونه هۆی رووداوه‌كانی 6 و 7ی تشرین؟
- ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو: ئێستا ئه‌وه پرۆسه‌یه‌كی دادگه‌ری و یاساییه. نابێت من له‌وباره‌یه‌وه هیچ شتێك بڵێم. به‌ڵام ده‌بێت بڵێم: سیاسه‌تمه‌دار هه‌ر كه‌سێك بێت من له دژی گرتنی ئه‌وم. هه‌روه‌ها تا سزای ئه‌و كه‌سانه دیاری نه‌كرێت، من له دژی ده‌ستگیركردن و زیندانیكردنی ئه‌و كه‌سانه‌م. من ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خۆم له هه‌ر شوێنێك بێت به شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا ده‌ڵێم. دوای ئه‌وه‌ی كه‌سێك بێتاوانی خۆی سه‌لماند، هه‌ر كێیه‌ك بێت مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ له زیندان قه‌بوڵ ناكه‌م، پێویسته به‌زووترین كات دادگا حوكمی خۆی دیار بكات. ئه‌وكات پرۆسه‌ی یاسایی ده‌ستپێده‌كات. له‌مباره‌یه‌وه من به شێوازێكی جیاواز سه‌یری پرۆسه‌كه ده‌كه‌م. به‌ڵام له كۆتاییدا هه‌ڵبه‌ته من ناتوانم وه‌كو كه‌سایه‌تی خۆم كه‌سێك به تۆمه‌تبار یان بێگوناه بناسێنم، ئه‌و كاری دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه. به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش هیچ كاتێك كاریگه‌ریم له‌سه‌ر دادگاكان نه‌بووه، به‌ڵام له‌و باره‌یه‌وه من هه‌میشه ده‌ڵێم ئه‌و دادگاییكردنانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام ده‌بن، رێگه له‌به‌رده‌م پیشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ واڵا ده‌كه‌ن.
* كوردستان24: من ده‌مه‌وێت له پرۆسه‌ی دادگاییكردنی ده‌میرتاش پرسیارێك بكه‌م. ئێوه چۆن دادگاییكردنی ده‌میرتاش هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ یاساییه یان سیاسییه؟
- ئه‌حمه‌د داودئۆغلو: من هه‌مان شت ده‌ڵێمه‌وه. كاتێك پرۆسه یاساییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وكات گومان، ئه‌ندێشه و پرسیاری جیاواز دێنه ئاراوه. پێویسته ئێمه رێز له بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا بگرین، كه بۆ (ده‌میرتاش) بڕیاری ئازادكردنی ده‌ركردووه. پێویسته هه‌موومان رێزی خۆمان بۆ ئه‌و پرۆسه یاساییه نیشان بده‌ین.
* كوردستان24: له بوونی قه‌واره‌ی ئیداره‌یه‌كی كوردی له رۆژئاوا كه په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت ئێوه چی ده‌ڵێن؟
- ئه‌حمه‌د داودئۆغلو: هه‌ڵبه‌ته شتێكی له‌مشێوه‌یه پێویسته و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ولێریش گرنگن، به‌ڵام جیاوازییه‌كی سیاسی له نێوان سووریا و عێراقدا هه‌یه. سنووری نێوان توركیا و عێراق ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه. به‌ڵام سنووری نێوان توركیا و سووریا لیته ده‌شتێكی ته‌خته و له‌ڕێگه‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه لێك جیاكراونه‌ته‌وه. شاره‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌كن، جه‌یلانپنار و سه‌رێ كانیێ به‌و شێوه‌یه‌ن، گرێسپی و ئاكچاكاله‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ن، واتا شارێك له ناوه‌ڕاسته‌وه دووله‌ت كراوه. بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا گرنگن، كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ سووریا باش بوون، هه‌میشه له گفتوگۆكانماندا له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د باسمان له مافه‌كانی كوردی سووریا ده‌كرد، له قامیشلۆ تا یایلاداگیێ له هه‌ندێك ناوچه كورد و له هه‌ندێك ناوچه عه‌ره‌ب و توركمان هه‌ن، له‌پێناو ئاشتیێكی راسته‌قینه له‌گه‌ڵ سووریا، پێویسته ته‌واوی ئه‌و ناوچانه بپارێزرێن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له سه‌رده‌می مندا ئێمه مه‌رجی پێشوه‌خته‌ی ڤیزامان هه‌ڵگرت. بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كانی ئه‌و ناوچانه به ئاسانی بتوانن به‌یه‌ك بگه‌ن، پلانی من ئه‌وه بوو و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به سیاسه‌تی عوسمانییه‌ته‌وه نه‌بوو. كاتێك به‌شار ئه‌سه‌د 4ی نیسانی ساڵی 2011 به‌چه‌ك هێرشی كرده سه‌ر گه‌له‌كه‌ی، من جارێكی دیكه سه‌ردانی سووریام كرد و 3 پێشنیازم خسته به‌رده‌می ئه‌سه‌د. یه‌كه‌میان ده‌ستپێكردنی چاكسازی له‌ناوخۆی سووریا. دووه‌میان سه‌ربازان له سه‌نته‌ری شاره‌كان له خه‌ڵكی نزیك نه‌كاته‌وه. سێیه‌میش له سووریا دان به ناسنامه‌ی كوردیدا بنێت و ناسنامه‌ی هاووڵاتی به كورد بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی پۆزه‌تیڤ نیشانی كوردی سووریا بدرێت.