ئیسرائیل باڵه‌خانه‌یه‌كی (12) نهۆمی له‌ شاری غه‌زه‌ ته‌قانده‌وه‌

باڵه‌خانه‌كه‌ نووسینگه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی "حه‌ماس"ی تێدابووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، ئیسرائیل دوێنێ شه‌و باڵه‌خانه‌یه‌كی (12) نهۆمی له‌ شاری غه‌زه‌ ته‌قانده‌وه‌، كه‌ نووسینگه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی "حه‌ماس"ی تێدابووه‌ و باڵه‌خانه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی رووخاوه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، له‌ هێرشێكی ئاسمانی رۆژی سێشه‌ممه‌ ئیسرائیل له‌ دووری (3) كیلۆمه‌تره‌وه‌، باڵه‌خانه‌یه‌كی (12) نهۆمی له‌ شاری غه‌زه‌ ته‌قانده‌وه‌.

به‌پێی گوته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئیسرائیلی زنجیره‌یه‌ك ته‌قه‌ی وه‌ك هوشیاركردنه‌وه‌ كردووه‌، تا ده‌رفه‌ت بداته‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ر له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ و به‌ته‌واوه‌تی رووخاندنی.

تا ئێستا زیانی گیانی له‌ هێرشه‌كه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵام هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل دژی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌رده‌وامه‌.

پێشتر بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس هه‌ڕه‌شه‌ی بۆردومانكردنی شاری "ته‌لئه‌بیب"ی له‌ ئیسرائیل كرد، له‌به‌رامه‌به‌ریشدا ئیسرائیل له‌ بۆردومانكردنی شاری غه‌زه‌ به‌رده‌وامه‌.

توندوتیژییه‌كان چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ نێوان فه‌له‌ستنییه‌كان و ئیسرائیلییه‌كان به‌رده‌وامه‌، دوای ئه‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستنییه‌كان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌هۆی نیشته‌جێكردنی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی له‌ قودسی رۆژهه‌ڵات.

د.ی