نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر رۆژانە 60 نەخۆش چارەسەر دەکات

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر دەست بە چارەسەری پێشمەرگە نەخۆشەکان دەکات
نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر - فۆتۆ: هۆشمەند سادق
نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر - فۆتۆ: هۆشمەند سادق

K24 – هەولێر

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، دەست بە چارەسەری پێشمەرگە نەخۆشەکان دەکات و رۆژانە 60 پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکە چارەسەر دەکرێن.

نەخۆشخانەی پێشمەرگە، کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیا دروستکراوە، لە 24/2/2019 رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بەشێوەیەکی نافەرمی ماوەیەک بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەکارهێنراوە و لە 1/3/2021 بە فەرمی کراوەتەوە.

د. دانا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "نەخۆشخانەکە لە بەشەکانی تاقیگە، سۆنار، دەرمانخانە پێكھاتووە و هەروەها 8 پسپۆڕیی تایبەتی هەیە، وەک پسپۆڕییەكانی دەمار و بڕبڕەی پشت، پزیشکی پسپۆڕی پێست، هەناو، پزیشکی گشتی و  میزەڕۆ".

گوتیشی: "ئێستا تەنها پێشمەرگەکان لەم نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن، بەڵام لە پلانماندایە لە داهاتوودا کەسوکاری پێشمەرگەش لە نەخۆشخانەکە چارەسەر بکەین".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە قۆناغی سەرەتادا رۆژانە 40 تا 60 پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکە بێ بەرامبەر و بە خزمەتگوزارییەوە چارەسەر وەردەگرن".

راشیگەیاند: "هەموو پێشمەرگەیەک بەبێ جیاوازی دەتوانێت لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەربگرێت جا خەڵکی هەر پارێزگایەک بێت كێشە نییە".

د. دانا، ئاشکرای کرد: "لەسەرەتاوە دەوامی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە کاتژمێر 8:30 بەیانی بۆ 4:30 ئێوارە بوو، بەڵام لە دوای جەژنەوە 24 کاتژمێر دەوامی تیادا دەكرێت. لە چەند مانگی داهاتووشدا لە نەخۆشخانەکەدا نەشتەرگەرییش ئەنجامدەدرێت".

باسی لەوەشکرد: "حکومەتی ئەڵمانیا وەک پڕۆژەیەکی گرنگ لەو نەخۆشخانەیە دەڕوانێت و بەردەوام هاوکاریمان دەکات و لەگەڵ  وەزارەتی پێشمەرگە چاودێری نەخۆشخانەکە دەکەن و هەموو پێداویستییەکان دابین دەكەن".