لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ريفراندۆم هاوڕان

ئەوە لە كاتێكدایە كە ھەموو لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ھاوڕان لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكرێت، بەڵام بە مەرجێك ناوماڵی كورد رێكبخرێتەوە و ھەموو لایەك، یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست بن.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/48816542-8aa7-427c-8bed-b15298a828e1/Rifrandom%20u%20ray%20layanakan.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

دوای تێپەڕ بوونی سەد ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، ئێستا گەرمترین  بابەتی ناو كۆمەڵگەی كوردی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی، ئەوە لە كاتێكدایە كە ھەموو لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ھاوڕان لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكرێت، بەڵام بە مەرجێك ناوماڵی كورد رێكبخرێتەوە و ھەموو لایەك، یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست بن.

ریفراندۆم پرسێك پەیوەست بە خەونی نەتەوەیەك بۆ سەربەخۆی، تا دێت ھەلومەرجی سیاسی نێوخۆی عێراق، پرسی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان زیاتر دێنێتە پێشەوە، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، رای وایە كورد نابێ ئەم ده‌رفەتەی بۆی ھاتووه‌تە پێش لەدەستی بدات. بۆ كاتەكەشی  لە 4 ساڵ لەمەوبەرەوە  بە گونجاوی دەزانن.

زۆرجار دەگوترێ بە ھۆی پەككەوتنی پەرلەمان و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیيەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، زەمینەی ریفراندۆم لەبار نیە، بەڵام بە رای وتەبێژی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانی عێراق، كورد دەبێ خۆی ھەوڵ بدات چونكە جگە لە خۆی ھیچ كەسێك فەرمووی سەربەخۆیی لێناكات.

پێكھاتەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ریفراندۆم بە گرفت نازانن، وەك خۆیان دەڵێن، ئەوانیش لەگەڵ ریفراندۆمن بۆ پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان، بەڵام بە مەرجیك، مەرجەكەش ئەوەیە راوێژیان پێبكرێت و دوای ریفراندۆم مافەكانیان دابین بكرێت.

ئێستا پرسی ریفراندۆمی باشووری كوردستان، ھێندە نزیك بووه‌تەوە، دوو لایەنی سیاسیش لە كاتی رێككەوتنیاندا ناتوانن نەیخەنە نێو خاڵەكانی رێككەوتنامەكەیانەوە. بەپێی زانیارییەكانی كوردستان 24 یش پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەرنامەی دایە گەڕێكی دیكەی سەردان بۆ لای لایەنەكان دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەوەی دواجار ھەموویان بگەن بە خاڵێك بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە، كە سەربەخۆیی كوردستانە.