"بووفۆن ده‌یه‌وێت هاوشانی مێسی له‌ بارسێلۆنا یاری بكات"

جیانلویجی بووفۆن گۆڵپارێزی یوڤێنتۆس و لیۆنێل مێسی كاپتنی بارسێلۆنا
جیانلویجی بووفۆن گۆڵپارێزی یوڤێنتۆس و لیۆنێل مێسی كاپتنی بارسێلۆنا

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كان جیانلویجی بووفۆنی گۆڵپارێزی ئیتاڵیا ده‌یه‌وێت وه‌رزی داهاتوو هاوشانی مێسی له‌ بارسێلۆنا یاری بكات، ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ ده‌رگای یانه‌كه‌ی به‌ڕوویدا كردووه‌ته‌وه‌ و 5 یانه‌ی دیكه‌ش له‌ پێنج وڵاتی جیاواز بۆ گواستنه‌وه‌ی له‌سه‌رهێڵن.

بووفۆنی ته‌مه‌ن 43 ساڵ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ فه‌رمی بڕیاری دا ریزه‌كانی یوڤێنتۆس جێبهێڵێت و نایه‌وێت چیتر له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ بێت.

یانه‌ی یوڤێنتۆس بڕیاریداوه‌ پێش ئه‌وه‌ی بووفۆن وازهێنانی له‌ یاریكردن رابگه‌یه‌نێت بۆ ساتی ماڵئاواییكردنی ئه‌فسانه‌ ئیتاڵیاییه‌كه‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین یانه‌ی ئه‌ورووپا رێكبخات.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، بووفۆن بیری له‌ وازهێنان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌زموونێكی نوێ له‌ ژیانی وه‌رزشی دا به‌ درێسی بارسێلۆنا تاقی بكاته‌وه‌.

بووفۆن به‌ڵێنیشی داوه‌ هه‌ركاتێك بڕیاری وازهێنان بدات ده‌یه‌وێت یارییه‌ دۆستانه‌كه‌ی‌ بۆ ماڵئاواییكردنی له‌ نێوان بارسێلۆنا و یوڤێنتۆس بێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ راپۆرته‌ هه‌واڵییه‌كانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ یانه‌كانی ئۆڵیمپیاكۆسی یۆنانی و ئینتراخت فرانكفۆرتی ئه‌ڵمانیا و گه‌ڵاته‌سه‌رای توركیا و دینامۆكیێڤی ئۆكراینا و سپۆرتینگ لیسبۆنای پورتوگالی ئۆفه‌ریان بۆ گواستنه‌وه‌ی جیانلوجی بووفۆن پێشكه‌ش كردووه‌.

بووفۆن له‌ ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی پارما ده‌ستی به‌ یاریكردن كردووە، دوای 6 ساڵ مانه‌وه‌ له‌و یانه‌یه‌ روویكرده‌ یوڤێنتۆس و 17 ساڵ به‌ به‌رده‌وامی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یوڤی یاری كرد، پاشان بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز په‌یوه‌ندی به‌ پاریس سانجێرمان كرد و گه‌ڕایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ یوڤی به‌شداریی له‌ 683 یاری كردووه‌، 537 گۆڵی لێكراوه‌ و 322 كلین شیتی تۆمار كردووه‌.

بووفۆن جامی جیهانی له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێناوه‌، 10 نازناوی سێریا ئه‌ی و 5 نازناوی جامی ئیتاڵیا و 7 نازناوی جامی سووپه‌ری ئیتاڵیای بردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ چامپیۆنزلیگ به‌ده‌ستبێنێت.