چیرۆکی تاتەنوێژی موحسین و شەهیدبوونی

K24 – کفری
موحسین حوسێن، ئەو پێشمەرگەی شەوی رابردوو لە سنووری کفری شەهیدبوو، بە رۆژو بووە و کاتژمێرێک پێش شەهیدبوونی تاتەنوێژێکی دروستکردووە، بۆ ئەوەی خۆی و هاوسەنگەرانی نوێژی لەسەر بکەن.
جەلال جەمیل، فەرماندەی جوڵانەوەی میحوەری قەرەتەپە – حەمرینی هێزی پێشمەرگە چیرۆکی شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە بۆ کوردستان24 دەگێڕیتەوە و دەڵێ: "چەکدارانی داعش بەناوی ئیسلامەوە دێن هێرش دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگە، لە کاتێکدا پێشمەرگەکان بە رۆژون، موحسین حوسێن ئەو پێشمەرگەیەی شەوی رابردوو شەهید بوو، بە زمانی رۆژ و تاتەنوێژی دروستکردووە، ئەوکاتە کە خەڵک خەریکی خێر و زەکاتە و لە دوا ساتەکانی مانگی رەمەزان نزیک دەبینەوە، چەکدارانی داعش دێن پێشمەرگە شەهید دەکەن".
موحسین حوسێن، خەڵکی گوندی گەرەوانی سەر بە قەزای رواندزە و باوکی چوار منداڵ بوو، بەهۆی پەلاماری چەکدارانی داعش، شەوی رابردوو لە سنووری کفری شەهیدبوو.
فەرماندەی جوڵانەوەی میحوەری قەرەتەپە – حەمرین، باسی لە پەلامارەکەی شەوی رابردووی داعش کرد و گوتی: "چەکدارانی داعش لە دوو لاوە بە دوو مەفرەزە هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە لێیان هاتوونەتە دەست و بە توندی وەڵامیان داونەتەوە، موحسین حوسێن کە بە چەکی بیکەیسی بەرگری کردووە، گولەیەک بەر سەری کەوتووە، بەداخەوە بەر لە گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/5/2021 وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی لەبارەی پەلامارەکەی داعش بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چەندین جار هۆشداریانداوە كە لە نێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بۆشایی ئەمنی ھەیە.
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند "بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە. بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی تووندی دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی هەموولایەکە".
