مانگانه‌ زیاتر له‌ (30) ملیۆن دۆلار داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی سلێمانی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی

بازرگانێك: له‌ رێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌ناو ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی ماددی ئۆتۆمبێلی قه‌ده‌غه‌كراوم هێناوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان
ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ
ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ

K24 - هه‌ولێر:

له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی سلێمانی قاجاغی ده‌كرێت و چه‌ندین كه‌لوپه‌لی ساخته‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌‌وه‌، له‌ناو ده‌روازه‌ی سنووری و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازه‌كانیش به‌پێی رێككه‌وتنی ماددی ئاسانكاری بۆ قاچاخچییه‌كان ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك رایگه‌یاند، مانگانه‌ زیاتر له‌ (30) ملیۆن دۆلار داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی سلێمانی بۆ چەند کەسێکی دەستڕۆیشتوو لە سەرکردایەتیی یه‌كێتی دەڕوات و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی قاچاغه‌وه‌ مانگانه‌ له‌و ده‌روازه‌ سنوورییانه‌ سوودمه‌ند ده‌بن و داهاتێكی زۆر كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ رێگر له‌ چاكسازی له‌و سنووره‌.

قاچاخی ئۆتۆمبێل

بارزگانێك بۆ كوردستان24 گوتی: "چه‌ندین جار ئۆتۆمبێلی قه‌ده‌غه‌كراوم هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌روازه‌ی سنووری باشماخه‌وه‌".

بازرگانه‌كه‌ ئاشكرای كرد، له‌ رێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌ناو ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ش هاوكاری كراوه‌ و رێككه‌وتنی ماددی له‌گه‌ڵ كراوه‌ بۆ هێنانه ‌ژووره‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی قه‌ده‌غه‌كراو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌م له‌ ده‌روازه‌كه‌ هێناوه‌ته‌ ژووره‌وه‌، كه‌  ده‌ستی دوو و ئۆتۆمبێلی لێدراو و مۆدێلی كۆن بوون و له‌ پشكنین ده‌رنه‌چووبوون.

له‌كاتێكدا به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌كانی مۆدێلی كۆن و ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی مه‌رجی سه‌لامه‌تییان تێدا نییه‌، رێگه‌پێدراو نییه‌، كه‌چی له‌ رێگه‌ی قاچاغه‌وه‌ به‌ناو ده‌روازه‌ی سنووری، به‌تایبه‌تیش ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ به‌بێ رووسوماتی باج و پشكنینی تایبه‌ت، ئۆتۆمبێله‌كان هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراون.

له‌ رێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتوو له‌ ناو مه‌رز و له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌رز ئاسانكاری بۆ قاچاغچییه‌تی ده‌كرێت
له‌ رێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتوو له‌ ناو مه‌رز و له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌رز ئاسانكاری بۆ قاچاغچییه‌تی ده‌كرێت

بارزگانه‌كه‌، كه‌ ناوه‌كه‌ی پارێزراوه‌، ئاشكراشی كرد، ئێستا له‌ ده‌روازه‌ی سنووری "په‌روێزخان"ه‌وه‌ ئۆتۆمبێلی قه‌ده‌غه‌كراو دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانكاریی چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنی ماددییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ كراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ رایگه‌یاند، ته‌نیا له‌ ساڵی (2021) نزیكه‌ی (20) ئۆتۆمبێل، كه‌ له‌ پشكینی ده‌رنه‌چوون، گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئۆتۆمبێلێكی زۆری قه‌ده‌غه‌كراو له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ مه‌رجی سه‌لامه‌تییان نییه‌ و تابلۆی "ژماره‌ی كاتی- سلێمانی"یان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.

هێمن عه‌لی، جێگری به‌ڕێوبه‌ری گومرگی ئۆتۆمبێلی هه‌رێم روونیكرده‌وه‌، فه‌رمانبه‌رانی گومرگ له‌ نووسینگه‌ی خۆیانه‌وه‌ ته‌نیا كاره‌ ئیدارییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێنانه‌ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی قه‌ده‌غه‌كراوه‌ له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت و له‌ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانبه‌ره‌كانی گورمرگ نییه‌.

قاچاخی به‌رهه‌مه‌كانی مریشك

له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌زار و (626) په‌له‌وه‌رخانه‌ی مۆڵه‌تپێدراو هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ (500) په‌له‌وه‌رخانه‌ی دیكه‌ی بێ مۆڵه‌ت، كه‌ ساڵانه‌ (10) هه‌زار تۆن به‌روبوومی مریشك به‌رهه‌م ده‌هێنن، (11) كوشتارگه‌ی گه‌وره‌ی مریشكیش له‌ هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێكیان داخراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی فیدراڵ رێگه‌ نادات مریشكی به‌ستوور هه‌نارده‌ی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق بكرێت.

پێشتر د. حه‌مید نایف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق رایگه‌یاند، سنووره‌كانی عێراق قاچاغی تێدا ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی له‌ به‌روبوومی مریشك، كه‌ مریشكی به‌رازیلی و ئێرانی هاورده‌ ده‌كه‌ن و به‌ مریشكی عێراقی ده‌فرۆشرێن، هه‌رچه‌نده‌ ستیكه‌ری ناوخۆی لێده‌درێت.

گوتیشی: ئه‌گه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێم كۆنترۆڵ نه‌كرێت، ئه‌وا بازگه‌ی توند داده‌نێین، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ هاورده‌كردنی مریشكی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین، تا به‌ناوی مریشكی عێراقی نه‌فرۆشرێت.

حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "له‌ ماوه‌ی رابردوو دوو جار سه‌ردانی به‌غدا كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ستیكه‌ر رێكبكه‌وین، كه‌ ئامانج له‌و پڕۆژه‌یه‌ پاراستن و به‌بازاڕكردنی به‌روبومی مریشكی سه‌ربڕاوی خۆماڵییه‌ بۆ باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق.

خاوه‌نی كوشتارگه‌یه‌كی مریشك له‌ كه‌لار ئاشكرای كرد، به‌هۆی هاورده‌كردنی مریشكی به‌ستوو به‌ قاچاغ بۆ هه‌رێمی كوردستان، ناچاربووم كوشتارگه‌كه‌م دابخه‌م.

خاوه‌ن كۆگایه‌كی به‌روبوومی مریشك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی ساخته‌كردنی براند، متمانه‌ به‌ به‌روبومی ناوخۆ نه‌ماوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، زۆرجار هێلكه‌ی ئێرانی له‌ناو كارتۆنی كۆمپیانیای ناوخۆیی هاتووه و به‌ناوی هێلكه‌ی ناوخۆ فرۆشراوه‌‌.

به‌ ناوی به‌رهه‌می ناوخۆ، مریشكی به‌رازیلی و ئێرانی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت
به‌ ناوی به‌رهه‌می ناوخۆ، مریشكی به‌رازیلی و ئێرانی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌، كێشه‌مان له‌ ستیكه‌ری كۆمپانیا ناوخۆیه‌مان نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌ قاچاغی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ رێگه‌ی قاچاغه‌وه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ (30) ملیۆن دۆلار داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی سلێمانی بۆ چەند کەسێکی دەسترۆیشتوو لە سەرکردایەتیی حزبێكی سیاسی "یه‌كێتی" دەڕوات و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هه‌رێم، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ رێگر له‌ چاكسازی له‌و سنووره‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، "لە سەرەتای ساڵی (2020)ەوە تا ئێستا، زیاتر لە (500) ملیۆن دۆلار لە لایەن ئەو بەرپرسانەوە بردراوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی".