یاریزانانی یوڤێنتۆس كوده‌تا به‌سه‌ر كریستیانۆ ده‌كه‌ن

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس

سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیتاڵیا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ یاریزانانی یوڤێنتۆس له‌ ژووری جلگۆڕین كوده‌تایان به‌سه‌ر كریستیانۆ رۆناڵدۆ كردووه‌ و له‌ دژی ئه‌و ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌ هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی: نێوانی كریستیانۆ و یاریزانه‌كانی دیكه‌ی یوڤی له‌ ژووری جلگۆڕین تا دێت زیاتر خراپتر ده‌بێت.

یاریزانانی یوڤێنتۆس له‌و ڕه‌فتارانه‌ی كریستیانۆ توڕه‌ن، به‌وپێیه‌ی زۆرترین رێزی لێ ده‌گیردرێت و كه‌مترین پابه‌ندبوونی به‌ راهێنانه‌كان هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ نووسیویه‌تی: یوڤێنتۆس دوای ئه‌وه‌ی (0 ـ 3) به‌رامبه‌ر میلان دۆڕا، كریستیانۆ رۆژی دواتر نه‌هاته‌ راهێنانه‌كان و دواتر له‌گه‌ڵ ئاندرێ ئانێلی سه‌رۆكی یانه‌ی یوڤێنتۆس سه‌ردانی پێشانگایه‌كی فیراری كرد بووو.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤێنتۆس له‌ قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگ ماڵئاواییان كرد و نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی سێریا ئه‌ی له‌ده‌ستدا و ئێستا شه‌ڕی بڕینی بلیتێكی چامپیۆنزلیگ ده‌كات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ربه‌ستی و خۆپه‌رستییه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هه‌یه‌تی یاریزانه‌كانی یوڤی بێزار كردووه‌ و ئێستا وه‌كو جاران كریستیانۆیان خۆشناوێت و په‌یوه‌ندییان به‌ره‌و خراپی رۆیشتووه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 36 ساڵ دوای تێپه‌ڕكردنی 9 وه‌رز له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید و بردنه‌وه‌ی 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ له‌ هاوینی 2018 به‌ به‌های 100 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس، له‌گه‌ڵ یانه‌ی خانمه‌ پیره‌كه‌ له‌ كۆی 130 یاری، 99 گۆڵ و 22 ئاسیستی كرد.