پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی رەمەزان

داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات مەترسییەكانی كۆرۆنا بە هەند وەربگرن و پابەند بن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهانی كرد و داوای له‌ هاووڵاتیان كرد، مەترسییەكانی كۆرۆنا بە هەند وەربگرن و پابەند بن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز:

بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم  . 

هیوادارم خوای دلۆڤان  نزا و ڕۆژووی هەموولایەكی قبوڵ كردبێت و ئەم جەژنە،  ببێتە مایەی خێر و خۆشی و کۆتاییهاتنی ناخۆشی و نەهامەتییەکان و هاندەری ئاشتەوایی و تەبایی بێت لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان .

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم، کە جارێكی دیکە داواتان لێبكەم، مەترسییەكانی كۆرۆنا بە هەند وەربگرن و پابەند بن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

جەژنتان پیرۆز و كوردستان هەمیشە ئارام و ئاوەدان بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان