ساسان عەونی: 8ی حەسارۆك دەبێتە یەكێك لە گەورەترین گەڕەكەكانی هەولێر

زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەویی نیشتەجێبوون لەگەڵ زەویی بازرگانی و باڵەخانە و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لەخۆدەگرێت و دوای تەواوبوونیشی نزیكەی 90 هەزار كەس لێی نیشتەجێ دەبن
وه‌زیری شاره‌وانی، ساسان عه‌ونی نه‌خشه‌ی زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك ده‌خاته‌ به‌رچاوی سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌سرور بارزانی
وه‌زیری شاره‌وانی، ساسان عه‌ونی نه‌خشه‌ی زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك ده‌خاته‌ به‌رچاوی سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌سرور بارزانی

K24 – هه‌ولێر:

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگه‌یاند، گه‌ڕه‌كی 8ی حەسارۆك لەكاتی تەواوبوونیدا دەبێتە یەكێك لە گەورەترین گەڕەكەكانی شاری هەولێر كە زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەویی نیشتەجێبوون لەگەڵ زەویی بازرگانی و باڵەخانە و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لەخۆدەگرێت و دوای تەواوبوونیشی نزیكەی 90 هەزار كەس لێی نیشتەجێ دەبن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (12ی ئایار/ مایۆی 2021) مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون و چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە زەوییەكانی 8ی حەسارۆك لە شاری هەولێر، سەردانێكی مەیدانی شوێنەكەی كرد كە لەمیانەی سەردانەكەیدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێریش یاوەری سەرۆكی حكوومەت بوون.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر زەوییەكانی 8ی حەسارۆك لە گوتەیەكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپارد كە بەزووترین كات خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە 8ی حەسارۆك و مۆڵەتی بیناكردنیش بدرێتە خاوەنی زەوییەكان. لەمبارەیەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: 8ی حەسارۆك لەكاتی تەواوبوونیدا دەبێتە یەكێك لە گەورەترین گەڕەكەكانی شاری هەولێر كە زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەویی نیشتەجێبوون لەگەڵ زەویی بازرگانی و باڵەخانە و خزمەتگوزارییەكانی دیكەش لەخۆدەگرێت و دوای تەواوبوونیشی نزیكەی 90 هەزار كەس لێی نیشتەجێ دەبن.

سەبارەت بە هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو شوێنە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: بەرنامەی كابینەی نۆیەم ئەوەیە كە كار و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هەموو شوێنەكان دابین بكرێت، دیارە یەكێكیش لەو كێشانەی بەردەوام رووبەڕووی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و ئیدارەی پارێزگای هەولێریش دەبووەوە، كێشەی 8ی حەسارۆك و داواكاری خەڵكەكەی بوو بۆ ئەوەی مۆڵەتی بیناكردنیان پێبدرێت، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆر، ئەو مۆڵەتە نەدەدرایە خەڵكەكە، هەروەها لە بابەتی ئاوی خواردنەوەشدا، ئەو شوێنە كێشەی نزمی ئاستی ئاوی ژێر زەوی هەیە و ئەمەش یەكێك لە گرفتەكانی دیكە بووە، سەرەڕای ئەوەی شوێنەكە خۆیشی رووبەرێكی یەكجار گەورەیە و ئاوەدانكردنەوەی ئاسان نییە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بە بڕیاری  مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد، گوتی: پێشتر جەنابی سەرۆك وەزیران ئاگاداری ئەو كێشەیە بوو، ئەوەبوو تیمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێری راسپارد كە ئیش لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، دواتر تیمەكانی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ ماوەیەكی باش كاریان لەسەر ئەو بابەتە كرد و دواتر پلانەكە خرایە بەردەم جەنابی سەرۆك وەزیران و ئەویش نەیوست تەنیا لەسەر نەخشە و كاغەزدا سەیری بكات، بۆیە زۆر بە خۆشحاڵییەوە خۆی حەزی كرد بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی 8ی حەسارۆك بكات و شوێنەكە بە چاوی خۆی ببینێت، ئەوەبوو ئەمڕۆ موژدەی ئەوەی بە خەڵكەكە دا كە حكوومەت كارئاسانیان بۆ دەكات بۆ بیناكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەشتی حەسارۆك.

روونیشیكرده‌وه‌، ئامانجی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو شوێنانەی كە پێویستیان پێیەتی و كێشەی هاوشێوەی هەشتی حەسارۆك چارەسەر بكرێن و خزمەتگوزاریان پێ بگەیەندرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ئاوەدانی لەو شوێنانەش دەستپێبكات.