به رێگایه‌كی جیاواز ویستی خۆی بكوژێت
K24 - هه‌ولێر:
له باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی سانتیاگۆ له پایته‌ختی چیلی، گه‌نجێكی بیست ساڵان به مه‌به‌ستی خۆكوشتن، خۆی هه‌ڵدایه نێو قه‌فه‌زێك شێره‌كانی باخچه‌كه، به‌ڵام دواتر رزگار كرا.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵ، بڵاویكرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی سانتیاگۆ رایانگه‌یاند، ئه‌و گه‌نجه به گوتنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه ئاینییه‌كان و به رووتی خۆی هه‌ڵداوه‌ته ناو قه‌فه‌زی شێره‌كان و شایه‌تحاڵان بینیویانه كه دوو شێر په‌لامارییان داوه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی چیلی، ئه‌و گه‌نجه بیست ساڵانه ناوی فرانسۆ ڤیرادا رۆمانه و به سه‌ختی بریندار بوو، دوای رووداوه‌كه‌ش، بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی نزیك شوێنه‌كه گواستراوه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تا یه‌كێك له شێره‌كان به شێوازێك له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجه ده‌جووڵایه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی یاری له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام دواتر شێرێكی دیكه هات و په‌لاماریدا و پارچه‌یه‌ك گۆشتی له له‌شی گه‌نجه‌كه كرده‌وه، دواتر پاسه‌وانانی باخچه‌كه بۆ رزگاركردنی گه‌نجه‌كه، دوو شێره‌كه‌یان كوشت.
رووداوه‌كه به‌شێكی زۆری له سه‌ردانیكه‌رانی باخچه‌كه ترساند و دایكان و باوكان چاوی منداڵه‌كانییان ده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی روواده‌كه نه‌بینن، هاوكات زیانێكی زۆریش به‌ر باخچه‌كه كه‌وت، له لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیسیش ده‌ركه‌وت، گه‌نجه‌كه نیازی خۆكوشتنی هه‌بووه، به‌ڵام نازانرێت بۆ به‌رووتی ویستوویه‌تی خۆی بكوژێت.