باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رەتیدەکاتەوە دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا بکات

"نامانەوێت سەروەری عێراق بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی وڵاتانی دیکەوە"
ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

K24 - هەولێر

ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەمیانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رەتیدەکاتەوە مەبەست لە راگەیەندراوەکەی دەستوەردان بوبێت لە کاروباری عێراق و، دەڵێ، بەھەڵە شیکردنەوە بۆ راگەیەندراوەکەی کراوە.

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە"قاسم ئەعرەجی بە باڵیۆزی بەریتانیای گوتوە دەستوەردان لە کاروباری عێراق قبوڵ ناکەین و، نامانەوێت سەروەری عێراق بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی وڵاتانی دیکەوە".

 بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە بەرامبەردا ھیکی رایگەیاندووە "بەریتانیا رێز لە سەروەری عێراق دەگرێت و، پشتیوانیەکانیشی بۆ بەھێزکردنی ھەیمەنەی حکومەتی عێراقە بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا".

لەماوەی چەند رۆژی رابروودا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاندبوو "ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ھەڵبژاردن. رەخنەشی لە حکومەتی عێراق گرتبوو بەوەی کە نەتواندراوە گرووپە چەکدارەکان لەژێر سێبەری خۆیدا بێت".

باڵیۆزی بەریتانیا راشیگەیاندبوو "لە جیاتی  دەوڵەتداری گرووپە چەکدارەکان جومگە سەرەکییەکانی بەرێوەبردنی وڵاتیان کۆنترۆڵکردوە"، ئەمەش نیگەرانی لەلایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دروستکردبوو، بە پێشێلکردنی سەروەری عێراقیان لە قەڵەمدابوو.

کۆبوونەوەی نێوان ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق  و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
کۆبوونەوەی نێوان ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق