بەبێ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان بۆشایی ئەمنی پڕنابێتەوە

"ئاڵوگۆڕی زانیاری بە تەنیا ناتوانێت بۆشایی ئەمنی پڕبکاتەوە"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیانی پارتی  دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و  سوپای عێراق پڕنابێتەوە، دەشڵێت "لە شەش ژووری ئۆپەراسیۆن دوو ژووریان دروستکراون"، لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان وەڵامی بەرپرسێکی هاوپەیمانی تورکمانی دەداتەوە.

ھەرکاتێک ھەولێر و بەغدا، باس لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بکەن، چەند لایەنێکی سیاسی لە کەرکووک دژی ئەو ھەوڵانە دەوەستنەوە،  ئێستا لە کۆی شەش ژووری ئۆپەراسیۆن تەنھا دوو ژووریان دروستکراون.

عەدنان کەرکووکی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوانەی بڕیاری گەڕانەوەی پێشمەرگە دەدەن بۆ ناوچە کوردستانییەکان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی تورکمان کە قسەی کردووە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە لەو ئاستە نییە. گفتوگۆکان بەردەوامن و گەیشتوونەتە هەندێک ئەنجام، هەر کەسێک لە دەرەوەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری عێراق لێدوان بدات قسەکانی هیچ بەهایەکی نییە".

ئەو ھەماھەنگیەی بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری ھەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، نابێتە ھۆی بنبڕکردنی داعش  لە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئەو ھێزە ئەمنیەی لە ناوچەکەن بێگانەن و توانای پاراستنی سنوورەکەیان نییە، تاکە رێگەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە گەڕانەوەی پێشمەرگە و بە ھاوبەشی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانە.

لەوبارەوە ناسر مەلا حەکیم، شارەزا لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێ: "ئاڵوگۆڕی زانیاری بە تەنیا ناتوانێت بۆشایی ئەمنی پڕبکاتەوە، بە بڕوای من هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نییە، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریداوە، بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام تائێستا ئەوان بەدەم داواکەی حکومەتی هەرێمەوە نەهاتوون، تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو سنوورە سوپای عێراق ناتوانێت ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکاتەوە".

لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروستبووە، داعش بە دەرفەتی زانیوە شەوانە ھێرش دەکاتە سەر ھێزەعێراقییەکان، لەگەڵ باسکردنی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی بەرپرسێکی ھاوپەیمانی تورکمانی رایگەیاندووە "گەڕانەوەی پێشمەرگە دۆخەکە ئاڵۆز دەکات"، شارەزایانی ئەمنیش پێیانوایە بەبێ پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی پڕنابێتەوە و دۆخی ناوچەکەش سەقامگیرنابێت.