کار بۆ پێدانی 24 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەکرێت
K24 - هەولێر
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات، بۆ ئەوەی بە تەواوکردنی چەند پڕۆژەیەک کارەبا بکاتە 24 کاتژمێری و بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی کارەباش لە وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت "بەشێک لە وێستگەکان کە ناتوانین کاریان پێبکەین بە گوێرەی رێککەوتنێک دەیاندەین بە وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ ئەوەی بەکاری بێنن و نۆژەنبکرێنەوە و سووتەمەنیان بۆ دابین بکەن. هەر کاتێکیش پێویستمان پێی هەبێت وەری دەگرینەوە".
ئەم ھەوڵەی وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەوەیە ھەم ئەو وێستاگانە رانەوەستن و هەمیش داھاتێکی دەستبکەوێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا.
دیار بابان، بەڕێوهبەری گشتی بەرھەمھێنان لە وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ی گوت: "بە وەبەرهێنەرەکانمان راگەیاندووە، دەتوانن لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەون لەسەر ئەو وێستگانەی کارناکەن، بۆ ئەوەی چاکبکرێنەوە و کارەبا بە حکومەتی عێراق بفرۆشن، تا ئەوکاتی حکومەتی هەرێم دەتوانێت سوتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە دابین بکات و وزەکەی دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێم".
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی کەرتی کارەبا زیاتر بەهێز بکات و کارەبا بکاتە 24 کاتژمێری. کامل محەمەد قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە نزیکبوونەوە لەوەی بە تەواوبوونی چەند پڕۆژەیەک لە کەرتی کارەبا ئەوا دەتوانن کارەبا 24 کاتژمێر بە هاووڵاتییان بدەن.
دەشڵێت: "بە دانانی پێوەری زیرەک دەتوانرێت کارەبای دزرا و بە فێرۆچوو رێگری لێبكرێت و ئهوبڕه كارهبایه بۆ تۆڕی گشتی سوودی لێوهربگیرێتهوه".
ئێستا وەزارەتی کارەبا جگە لە پڕۆژەی پێوەری زیرەك بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی، پڕۆژەی سکادا و چەندین پڕۆژە و دروستکردنی وێستگەی لە جێبەجێکردندان، کە ھەر یەکێک لەو پڕۆژانە توانای ئەوەیان ھەیە لە داھاتوویەکی نزیکدا رەوشی کارەبا باشتر بکەن و کێشەی کەمی کارەبا لە کوردستان بە تەواوی چارەسەر بکەن.