سوید یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان توندتر دەکات

لە ماوەی سێ هەفتەدا 5 ژن لە سوید کوژراون
kurdistan24.net

K24 - ستۆکھۆڵم

کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان یەکێک لەو پرسانەیە، کە لە سەرجەم وڵاتانی جیھاندا بە بەردەوامی باسی لێوە دەکرێت و ھەوڵەکان بۆ ئەوەن کە تا بکرێت ئەو دیاردەیە لە ناو کۆمەڵگاکاندا کەمبکرێتەوە، لە سوید رێژەی کوشتنی ژنان زیادیکردووە و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیش توندتر.

لە ماوەی سێ هەفتەدا لە سوید پێنج ژن کوژران، کە ئەمەش بووەتە ھۆکاری ھاتنە دەنگی سەرۆک وەزیرانی سوید و چالاکوانانی سیاسیش پێیان وایە، کە حکومەت دەبێت ھەڵوێستی توندی ھەبێت و یاساکان توندتر بکات.

تارا توانا، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی شارەوانی ستۆکھۆڵم بە کوردستان24ی گوت: "حکومەتی سوید چەندین ساڵە کار بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات و یاسا دەرکراوە، بەڵام دەبێ گرنگی زیاتر بە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و ئەو شوێنانە بدرێت کە ژنان داڵدە دەدەن".

گوتیشی: "ئێستا سەرۆک وەزیرانی سوید هاتووەتە سەر خەت و دەڵێ نابێت ئەو توندوتیژیەی بەرامبەر ژنان هەیە بەردەوام بێت و مایەی قبووڵ کردن نییە".

رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، چەند ساڵە لە هەوڵی کەمکردنەوەی رێژەی کوشتنی ئافرەتانن لە سوید، ئەوان دەڵێن "بۆ وڵاتێکی وەکو سوید ئەمە جێگای نیگەرانییە".

سەیران دۆران، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنان لە سوید دەڵێ: "لە ماوەی سێ هەفتەدا پێنج ژن لە سوید کوژراون، ئەمە مەترسیدارە بۆ سوید، چونکە یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ گرنگیدان بە مافی مرۆڤ، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە لە رێگەی توندتر کردنی یاساکان و هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی ژنان کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان".

بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ 20 ژن لە سوید کوژراون، ئەمەش بۆ وڵاتێک کە لە سەر ئاستی جیھاندا پلەی یەکەمی بۆ پاراستنی مافی ژنان و مافەکانی مرۆڤی هەیە، رێژەیەکی زۆرە و ھەر بۆیە سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان توندتر دەکرێن.