زەنگی قوتابخانەکان لێدەدرێتەوە

ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 16/5/2021، پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمی کودستان دەستپێدەکاتەوە، میکانیزمی دەوامکردن سێ رۆژ بە  سێ رۆژ دەبێت لەنێوان بنەڕەتی و ئامادەییدا، وەزارەتی پەروەردە بەخێوکارانی قوتابیانی سەرپشک کردووە لەوەی بیانەوێ منداڵەکانیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن نەنێرن و لەڕێی ئۆنلاینەوە بەردەوام بن، بەو مەرجەی لە هەفتەی یەکەمدا بەڵێننامە پڕبکەنەوە.

هاوكات وەزارەتی  پەروەردە لە راگەیاندراوێکیدا روونیکردۆتەوە، لەئەمڕۆ یەکشەممەوە دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە و خوێندن لە ناو پۆلەکان بۆ قۆناغەکانی یەکەمی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی بە شێوازی بە نۆرە( تناوب) دەستپێدەکاتەوە و  پێویستە هەموو لایەك پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان و پێویستیشە لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکان زۆرە، ئەگەرنا نە (تناوب) هەیە و نە سێ رۆژ بە سێ رۆژ دەوام، ئەمە هەوڵێکە بۆ چارەسەری دۆخەکە، بەو رێگەیە هەوڵدەدرێت لە نێوان قوتابیاندا بەرکەوتن کەمتر بێت".

لیژنە و تیمەکانی تەندروستی تایبەت بە قوتابخانەکانیش جارێکی دیکە دەستبەکار دەبنەوە و چاودێری پڕۆسەی خوێندن دەکەن. داواش لە مامۆستایان و قوتابیانی تەمەن 18 ساڵ دەکرێت ڤاکسینی کۆرۆنا وەرگرن.

لەوبارەوە بژار موسا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "داوا لە مامۆستایان و ئەو قوتابیانە دەکەین کە تەمەنیان 18 ساڵە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی هەرکاتێک ڤاکسینی پێویست گەیشتە کۆگاکان بڕێکی بۆ مامۆستا و قوتابیان دابین بکرێت".

وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لەناو پۆل ئەنجام دەدرێن، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی بەردەستی یەکێتی مامۆستایانیش، تائێستا نزیکەی دووهەزار مامۆستا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 50 مامۆستاش گیانیان لەدەستداوە.