وارن: لە مانگی رابردوودا مەشق بە زیاتر لە ھەزار پێشمەرگە كراوە

"بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داھاتوو ئامادە دەكرێن"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش رایگەیاند لە ماوەی مانگی رابردوودا مەشق و راھێنانیان بە زیاتر لە ھەزار پێشمەرگە کردووە و بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی داھاتوو ئامادە دەكرێن.

ستیڤ وارن، گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ دژی داعش لە عێراق و سووریا، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای كردووە: "تەنیا لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا لە شاری ھەولێر مەشق و راھێنان بە نزیکەی 1100 پێشمەرگە كراوە".

ھەروەھا گوتەبێژی ھێزی ھاوپەیمانان رایگەیاندووە: "گروپێکی دیکەی لە ھێزی پێشمەرگە ئامادەکراون، بۆ ئەوەی لەلایەن راوێژکارە نێودەوڵەتییەکانەوە مەشقیان پێ بکرێت.

سەبارەت بە مەشق و راھێنان و ئامادەكردنی ھێزی پێشمەرگە ستیڤ وارن، ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ئەو پێشمەرگانە ئامادەکراون بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داھاتوو لە نێویشیاندا ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری موسڵ.

لە سەرەتای شەڕی داعشەوە ھاوپەیمانان جگە لەوەی لە پێدانی چەك ھاوكاری ھێزی پێشمەرگەیان كردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو رێكخراوە، لە ھەمانكاتدا بەردەوام مەشق و راھێنان لەسەر چەكی نوێی و شەڕی تیرۆر بە پێشمەرگە دەكەن.