بڕیارێکی حکومەتی سوید پەنابەران نیگەران دەکات

پەنابەران رەخنە لە بڕیارێکی سوید دەگرن
kurdistan24.net

K24 - ستۆکهۆڵم

ماوەیەک لەمەوبەر حکومەتی سوید، بە سەرۆکایەتی پارتی سۆسیال دیموکرات پێشنیازە یاسایەکیان دایە پەرلەمان، کە ھیچ کەسێک لە سوید لەمەودوا مافی مانەوەی هەمیشەیی پێنەدرێت، ئەمەش رەخنە و نیگەرانی لای پەنابەران درووستکردووە، پێشنیازەکە لە مانگی حوزەیران دەبێتە یاساو لە یەکی تەمموزی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو پەنابەر لە سوید دەژین، تەنانەت لەناو دامودەزگا و شوێنە گرینگەکانی  ئەو وڵاتە توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە، بەڵام پاش ئەو پێشنیازە یاساییە کە مافی مانەوەی هەمیشەیی لە سوید نامێنێت، پەنابەران نیگەرانی داھاتووی خۆیانن.

سیروس رەئوفی، پەمابەرێکی کوردە لە وڵاتی سوید، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "زیاتر لە شەش ساڵە لە سویدم تائێستا مافی پەنابەریم پێنەدراوە، ئەو ماوەیە لە بارێکی دەروونی خراپدا بەڕێم کردووە، ئەگەر ئێستا مافی پەنابەریشم پێبدەن تەنها بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت، ئەمەش وادەکات من بەردەوام لە قەلەق بم کە دوای ئەو ماوەیە چیم بەسەردێت".

ژمارەیەک لە پەنابەران کە کەیسی سیاسیییان ھەیە، بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی سوید زیاتر خەفەتباربوونە، چونکە لە هەر بارێکدا ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

لەوبارەوە پەنابەرێک بەناوی بەهنام والینەژاد، دەڵێ: "کەیسەکەم کەیسێکی سیاسییە، نزیکەی 10 ساڵە لە سوید دەژیم، هاوسەر و منداڵەکانم مافی پەنابەریان وەرگرتووە، بەڵام بە من نەدراوە. ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی سوید کە مانگی 7 جێبەجێ دەکرێت، هێندەی دیکە سەر لە پەنابەران دەشێوێنێ".

داھاتووی ئەو پەنابەرانەی لە سوید دەژین، دوای ئەو بڕیارە نوێیە نادیارتر دەبێت، تا دێت نیگەرانیەکان زیاتر دەکات. بەپێی ئەو پێشنیازە یاسایە کەس لە سوید مافی مانەوەی هەمیشەیی پێناردرێت، بۆ ئەوانەش کە مافی کاتیان پێدەدرێت، دوای گەڕانەوەی ئارامی بۆ وڵاتەکەیان بەڕێدەکرێنەوە. پێشنیارەکە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەبێتە یاساو لە یەکی تەمموزی 2021 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.

ه.م