پۆلیسی راپەڕین لەبارەی سلێمان هەڵشۆیی روونکردنەوە دەدات

"سلێمان هەڵشۆیی لە زیندانە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە"
سلێمان ھەڵشۆیی
سلێمان ھەڵشۆیی

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی دەنگۆی هەڵاتنی سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

لە روونکردنەوەکەدا پۆلیسی راپەڕین رەتیدەکاتەوە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان هەڵاتبێ و ئاماژە بەوە دەکات "سلێمان هەڵشۆیی لە زیندانە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەداوە: "هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ مەرامی تایبەت و بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت بڵاویان کردووەتەوە، کە گوایە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان رایکردووە، بۆ ئەو مەبەستە  وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنین کە سەرلەبەری ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە راستیەوە. سلێمان هەڵشۆیی بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراوە و لە ئێستاشدا لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕینە و تەندروستی زۆر باشە، و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە".

دەقی روونکردنەوەکەی پۆلیسی راپەڕین:...

هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ مەرامی تایبەت و  بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت بڵاویان کردۆتەوە کە گوایە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان ڕایکردووە، بۆ ئەو مەبەستە  وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە.

سلێمان هەڵشۆیی بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لە ئێستاشدا لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕینە و تەندروستی زۆر باشە، وە لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیمان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین لەدژی خاوەنی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی کە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە بەتایبەت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، چونکە بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵە نادروستانە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی دەرونی هاوڵاتیان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە.

وە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە بڕوا بەو جۆرە هەواڵانە نەکەن، تەنها ئەوەی لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاو بکرێتەوە فەرمیە.

بەڕێوەبەڕایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین

ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان