هیندستان نەوتی عێراق هاوردە دەکات

بە بڕی 867 هەزار و 500 بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە عێراق هاوردەکردووە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

هیندستان بە رێژەیەکی زۆر هاوردەی نەوتی لە سعوودیە کەمکردووەتەوە،  لە بەرامبەردا زۆرترین نەوت لە عێراق هاوردەدەکات. سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هاوردەی نەوتی هیندستان بە رێژەی 18.3٪ لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 106 ملیۆن و 860 هەزار بەرمیل دابەزیوە، ئەوەش کەمترین ئاستی هاوردەیەتی لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020ـەوە.

لە هەمان کاتدا، هیندستان بڕیاری داوە سەرچاوەکانی هاوردەی جۆراوجۆر بکات. هۆکاری سەرەکیشی بۆ بڕیارەکانی ئۆپێک دەگەڕێنێتەوە کە نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە.

وەزارەتی نەوتی هیندستانیش هانی کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی وڵاتەکەی دەدات لە وڵاتانی دیکەوە نەوت هاوردەبکەن و کەمتر پشت بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستن.

بە گوێرەی دوایین داتاکان، هاوردەی نەوتی هیندستان لە سعوودیە بە رێژەی 42٪ بۆ 454 هەزار و 200 بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە، لە بەرامبەردا نەوتی بە بڕی 545 هەزار و 300 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ئەمەریکا هاوردەکردووە، هەروەها زۆرترین نەوتی بە بڕی 867 هەزار و 500 بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە عێراق هاوردەکردووە.