وه‌زیری ناوخۆ: داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی هاوكارمان بن

"چاكسازی هه‌ر له‌ یه‌كه‌ی پاسه‌وانی كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ندین رێنمایی و یاسای تایبه‌تمان له‌به‌رده‌ست بووه و هه‌نگاوی باشمان ناوه‌‌"
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی له‌سه‌ر به‌دواداچوونی یاسای چاكسازی كۆبوومه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌مان بۆ لیژنه‌كه‌ كرد، كه‌ له‌ چ قۆناغێكداین.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوومه‌وه‌، به‌دواداچوونمان بۆ یاسای چاكسازی کرد و ئامانجمان بوو په‌رله‌مان له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا، پشتگیری زیاتری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆوە هه‌بوو، بۆ لیژنه‌كه‌مان شیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ چ قۆناغێكداین".

گوتیشی: "ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی پێویستبوو بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی، یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسه‌وانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ واژووی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌رچووه‌، له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌دا بڕیاری لێدراوه‌، دوای ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ست به‌دروستی كردنی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ده‌كات".

وه‌زیری ناوخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "ئه‌و پێكهاتانه‌ی پێویسته‌ له‌چوارچێوه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی دروست ببن، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌موو ئه‌و یه‌كه‌ پاسه‌وانییانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، زێره‌ڤانی، به‌رگری و فریاكه‌وتن، و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و‌ پۆلیس، سه‌رجه‌میان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و ده‌كرێنه‌ یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و له‌ وه‌زارتی ناوخۆ رێكده‌خرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان بۆ لیژنه‌ی دارایی شیكرده‌وه‌، كه‌ پڕۆسه‌یه‌كە پشوودرێژی دەوێت، بۆیه‌ هه‌م پێویستی به‌ پشتگیری زیاتری په‌رله‌مان هه‌یه‌ و پشتگیری و هاوكاریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیشی دەوێت، بابەتی پاسه‌وانی بابه‌تێكی گشتگیره‌، داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م، له‌و بڕگه‌یه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ حزبه‌كان هاوكارییه‌كی باشمان بكه‌ن، تا بتوانین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا خشته‌ و رێنمایی رێكخستنی پاسه‌وانی باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ربكه‌ین".

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاشكرای كرد، "چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌ر له‌ یه‌كه‌ی پاسه‌وانی كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ندین رێنمایی و یاسای تایبه‌تمان له‌به‌رده‌ستدا بووه و هه‌نگاوی باشمان بۆناون، له‌وانه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ كۆمپانیا ئه‌منییه‌كان، كه‌ وه‌زارتی ناوخۆ پێشکەشی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی کردووە و له‌وێش په‌سه‌ند كراوه‌، و ئاماده‌یه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت، تا به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ چاكسازییه‌كی گه‌وره‌ له‌و بواره‌ تایبه‌ت و هه‌ستیاره‌دا ئەنجام بدات".

ئاشكراشی كرد، "بێجگه‌ له‌مه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێداچوونه‌وه‌ی به‌ راژه‌ی هەموو ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ شارستانییانه‌دا كردۆتەوە، كه‌ له‌ رووی مووچه‌ و پله‌وه‌ لادانێك هه‌بووه‌ له‌ رێنمایی و یاساكان، ئه‌وه‌شمان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی".

وه‌زیری ناوخۆ دووپاتی كرده‌وه‌‌، "ئێمه‌ به‌گشتی وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌كو وه‌زاره‌تی ناوخۆ هەمیشە سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ین و داوای هاوكاریش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، له‌ هاووڵاتیان، په‌رله‌مان، حزبه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش، كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازی پشتیوانی ئەو کابینەیە بن".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "پڕۆسه‌ی چاكسازی ته‌نیا له‌ یاسای چاكسازی كورت ناكرێته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئه‌و كابینه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای چاكسازیی ده‌ستمان به‌كاركردووه‌، لەسەر بنەمای چاکسازیی کارمان کردووە، واتا پێش ئه‌وه‌ی یاسای چاكسازیش ده‌ربچێت، هه‌موو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ی پێویست بووه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، رێكاری پێویستی بۆ گیراوه‌ته‌به‌ر".

د.ی