کاک به‌ختیار، گه‌لی فه‌له‌ستین هه‌رگیز هاوخه‌باتی کورد نه‌بووه
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌و مه‌لایه له کاک به‌ختیار بکه‌مه‌وه و ته‌نها به کاک به‌ختیار ناوی بهێنم. بۆ من ئه‌م کاره جۆرێکه له کوردایه‌تیی. کاک به‌ختیار ئێژێت، که گه‌لی فه‌له‌ستین هاوخه‌باتی ڕاپه‌ڕینی کوردستانه. ئه‌مه غه‌درێکی گه‌وره‌یه له کورد ده‌کرێت. چونکه عه‌ره‌ب و جوو هاوخاکن، به‌شێکی گه‌وره‌ی نیشتمانی ئیسرائیل موڵکی جووه، ئه‌م ڕاستییه مێژوو ده‌یسه‌لمێنێت. ئه‌وه‌ی وه‌هایکرد، که هاوکێشه‌ی خاوه‌ن ماڵێتیی له ئیسرائیل‌دا پێچه‌وانه بکاته‌وه، هێز بوو. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئیسلام ئیسرائیلی داگیرکرد، ئیدی جووه‌کان چ قه‌لاچۆکران و چ له ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌رکران. ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌ییووبییدا به جوو کرا، هیتله‌ر به نیوه‌ی ئه‌وه‌شی نه‌کردبوو. ئه‌وه‌ی له مه‌دینه‌دا به جوو کرا، هیتله‌ریش هه‌ر هێنده‌ی کرد بوو، که‌چی له مێژوودا به‌س ناوی هیتله‌ر به‌د چووه.
من نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕیینم، بیره‌وه‌رییم هێشتا جێگاپێی پۆستاڵه‌کانی "قوات خاسه" و ته‌وارییه‌کانی شاری پێوه‌یه، به‌شێک له‌م ته‌واریی و قوات خاسانه فه‌له‌ستینیی بوون، که له شاری سلێمانییدا ناسرا بوون. خودی مولازم موحسین، که دێوه‌زمه‌ی سه‌ر دڵی سلێمانیی بوو، چه‌نده‌ها گه‌نجی جوانی ئه‌و شاره به ده‌ستی ئه‌و کوژراوه، فه‌له‌ستنیی بوو. به‌شێک له عه‌ره‌به هاورده‌کانی که‌رکووک و خانه‌قین و ناوچه به عه‌ره‌بکراوه‌کان فه‌له‌ستینیی بوون و ڕژێمی به‌عس ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێراقیی بۆ کردبوون.
غه‌درێکی گه‌وره‌یه کورد و فه‌له‌ستینیی له تای یه‌ک ته‌رازوودا دابنێیت. هه‌رگیز کورد ئاماده نه‌بووه هاوشێوه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کان خاک و ماڵی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان داگیربکه‌ن، هاوشێوه‌ی ملازم محسین گه‌نجانیان فه‌لاقه بکه‌ن و بکووژن، هاوشێوه‌ی به‌شێک له سووپای ئێراق گووندنشینه‌کانیان ئه‌نفال بکه‌ن. لێ مامه‌ڕیشه وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان، چۆته پاڵ فه‌له‌ستینییه‌کان و شه‌ڕی دژی ئیسرایل کردووه، ده‌شێت مامه‌ڕیشه تاکه پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه نه‌بووبێت، که ئه‌م کاره‌ی کردبێت. سه‌یره که به‌شێکی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه دێریینه‌کانی کۆمه‌ڵه، ئیمڕۆ هاوشێوه‌ی کۆمه‌ڵ و ئیخوان و بزووتنه‌وه هه‌وڵی به ئیسلامیزه‌کردنی کوردستان ده‌ده‌ن. نه‌وشیروان مسته‌فا به ئاشکرا ئه‌م په‌یامه‌ی به‌گوێی خه‌ڵکییدا ده‌دا.
کورد له مێژوویه‌کدا خاوه‌نی نه‌ک ده‌سته‌ڵات و نیشتیمانی خۆی بووه، به‌ڵکوو ئیمپراتۆریش بووه. کورد له مێژوویه‌کدا ده‌سته‌ڵات له‌کیسده‌دات، کورد له مێژوویه‌کی تردا داگیرده‌کرێت و له‌ت له‌ت ده‌کرێت. فه‌له‌ستین له هیچ مێژوویه‌کدا هاوشێوه‌ی کورد نه‌بووه. ئه‌وه‌ی کورد و فه‌له‌ستین پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه هه‌سته ئایینییه‌که‌یه نه‌ک نه‌ته‌وه‌ییه‌که. هه‌سته ئایینییه‌که‌ش به‌رهه‌می ئیسلامییه‌کانی کوردستانه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، هیچ عه‌ره‌بێکی فه‌له‌ستینیی کورد نییه، لێ ڕێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جوو کوردن. هه‌ر بۆیه ئه‌رکێکی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه، که ئاگامان له خوشک و برا جووه‌کانمان بێت.