هێڤیدار ئه‌حمه‌د: حكومه‌تی هه‌رێم پێداگیرە له‌سه‌ر پێكهێنانی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی له هه‌رێمی كوردستاندا
K24- هه‌ولێر:
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی له هه‌رێمی كوردستاندا گوتی: ئێمه وه‌ك لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان، كه لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدارین به یاسای چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام جه‌ختمان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ده‌بێت بڕگه به بڕگه‌ی ئه‌و یاسایه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌م گوتانه‌ی هێڤیدار ئه‌حمه‌د له كاتی میوانداری له بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان24ـدا هاتوون و تیایدا ئاشكرای كرد : كاتێك راپۆرتی دووه‌می ئه‌و یاسایه گه‌یشته لیژنه‌ی دارایی و هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆی كرد، پێویست بوو حكومه‌ت روونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه بدات كه له‌كوێ ئه‌م یاسایه جێبه‌جێ نه‌كراوه؟ و كێ رێگری ده‌كات ؟ و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی چۆنن ؟ و حكومه‌ت تا چ ئاستێك له جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌دا چووه‌ته پێش؟ ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیار درا وه‌زیری ناوخۆ به‌شدار بێت، چونكه یه‌كێك له گرنگترین بڕگه‌كانی یاسای چاكسازی دروستكردنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانییه له هه‌رێمی كوردستاندا.
له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا له‌ڕووی سیاسییه‌وه هیچ رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیدا هه‌یه؟ هێڤیدار ئه‌حمه‌د گوتی: ئه‌مڕۆ وه‌زیری ناوخۆ به‌ئاشكرا له‌ناو لیژنه‌ی داراییدا روونیكردەوە كە ماوه‌ی 10 مانگ و نیوه ئه‌و یاسایه كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنەوە، به‌ڵام رێگرییه‌كی یه‌كجار گه‌وره له‌به‌رده‌م یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانیدا له‌ئارادایه، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی خه‌ڵكێكی زۆریان به‌بندیوار دامه‌زراندووه و به‌شێوه‌یه‌كی نادادپه‌روه‌رانه‌ش ئه‌وانه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ن پاره‌یه‌كی زیاتر له‌وانه وه‌رده‌گرن كه ده‌وام ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: وه‌زیری ناوخۆ سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و یه‌كه‌ی پاسه‌وانییه ده‌بێت هه‌ر دروست ببێت و ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دانراوه، له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند كراوه.
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا، ئایا هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه ژماره‌ی ئه‌و پاسه‌وانانه كه‌م بكرێته‌وه یان له‌چوارچێوه‌ی یاسادا رێكبخرێنه‌وه؟ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان گوتی: ئێمه هه‌وڵی رێكخستنه‌وه ده‌ده‌ین، چونكه نامانه‌وێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ناو عه‌لاگه و گونییه بدرێته ده‌ست به‌رپرسان و ئه‌وانیش به كه‌یفی خۆیان دابه‌شی بكه‌ن. بۆیه بڕیار وایه، بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ر پاسه‌وانێك كۆدێكی پێ بدرێت و ده‌بێت خۆی بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌كه‌ی سه‌ردانی بانك بكات و هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌شوێنی كه‌س مووچه وه‌ربگرێت.
ئاشكراشیكرد، هیچ كه‌سێك له‌ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆ پله‌ی سه‌ربازیی به‌رز ناكرێته‌وه، ته‌نیا له حاڵه‌تێك نه‌بێت كه تویژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی له بواری خۆی پیشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تویژینه‌وه‌كه‌ی له هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌رنه‌چوو، ئه‌وا پله‌كه‌ی به‌رز ناكرێته‌وه.
H.B