لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت 47 هاووڵاتی دیكه‌ له‌ وڵاتی هیندستان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هه‌رێم

زۆربه‌یان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردبوو و دوای گه‌ڕانه‌وه‌یشان بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ كه‌ره‌نتین ده‌كرێن
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵ، 47 هاووڵاتی دیکە کە لە هیندستان گیریان خواردبوو، گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دواتر بە پاس گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.

بەهۆی دۆخی خراپی کۆرۆنا لە وڵاتی هیندستان، ژمارەیەك هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە لەو وڵاته‌ گیریان خواردبوو، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵ، ئەمرۆ 47 هاووڵاتی دیکە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دواتر بە دوو پاس گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی روویان لەو وڵاتە کردبوو.

چەند رۆژێك بەر لە ئێستاش 68 هاوڵاتی دیکەی هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

جێگەی باسە دەزگای خێرخوازی بارزانی تێچووی هەردوو کاروانی گەڕانەوەکانی لە بەغداوە بۆ هەولێر لەئەستۆ گرت.

بڕیاریشە ئەو هاووڵاتییانە 14 رۆژ لەژێر چاودێری دەمەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستی کەرەنتین بکرێن.

H.B