ئیسرائیل: ئێستا یان له‌داهاتوودا ناچارین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له غه‌ززه ئه‌نجام بده‌ین
K24 - هه‌ولێر:
یوڤال شتاینتز، وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆلكردنی ناوچه‌كه، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ناچاره ئێستا یان له داهاتوودا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له كه‌رتی غه‌ززه ئه‌نجام بدات.
شتاینتز، كه له حزبی "لیكود"ه و هاوپه‌یمانێكی نزیكی سه‌رۆك وه‌زیران "بنیامین نه‌ته‌نیاهو"یه، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی "Ynet" گوتی: "رۆژێك له رۆژان ناتوانین خۆمان له‌وه به‌دوور بگرێن، كه نه‌چینه ناو غه‌ززه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه نرخه‌كه‌ی زۆر ده‌بێت، له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار هێشتا ئه‌م رۆژه نه‌هاتووه، به‌ڵام پێموایه ئه‌مه رووده‌دات، ئه‌گه‌ر له‌م زووانه‌ش روونه‌دات؛ له چه‌ند ساڵی داهاتوودا ئه‌مه ده‌كه‌ین".
گوتیشی: "كه‌س چه‌ك به حه‌ماس دانانێت، ئه‌گه‌ر ئێمه به هێزه‌وه نه‌كه‌ین"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆنترۆڵكردنی كه‌رتی غه‌ززه به مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه به ته‌واوه‌تی، له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین بۆچی هه‌ندێك لایه‌ن مه‌ترسی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان هه‌یه.
وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل روونیكرده‌وه، پشتگیریی بیرۆكه‌ی ئاگربه‌ستی تاك لایه‌نه‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌م، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌ماس رێكبكه‌ون.
د.ی