رێباز حەملان: هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

لەبارەی جێبەجێکردنی بودجە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ دەکەن
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات. جەختیشیکردەوە، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و بڕەکەی پەیوەستە بە داهاتی بەردەست.

رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە پلاندایە هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، مەبەستی سەردانەکەش میکانیزمی جێبەجێکردنی بودجەی 2021ی عێراقە، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە ماف و ئیمتیازاتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆ ئەوەی وەکچۆن لە یاساکە هاتووە بەهامنشێوە جێبەجێ بکرێت".

سەبارەت بە مووچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەران، گوتی: "پێشتر گوتومانە دابەشکردنی مووچە بە لێبڕین تەنها خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەبەردەستی هەرێمی کوردستانە، کە بریتین لە داهاتی نەوت و دەروازەکان، گومرگ، باج و رسومات، ئەگەر یاسای بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێکردن و لەگەڵ ئەو داهاتەی کە هەمانە بەشی مووچە بکات، بێگومان لێبڕینی مووچە نامێنێ، ئەگەر بەشیشی نەکرد رێژەیەکی زۆر کەم لێبڕین دەبێت".

لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، رێباز حەملان ئاماژەی بەوەدا: "پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان ئامادەکراوە و چەند جارێک هاتووەتە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هەندێک کەموکوڕی تێدابوو، بۆیە نێردرایەوە وەزارەتی دارایی و چاککراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەهێنرێتە ئەنجومەنی وەزیران دواتر رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت".