رۆژنامەیەک: تا 2017 رێگە نادرێ تورکەکان بەبێ ڤیزە گەشت بۆ یەکێتی ئەوروپا بکەن

بڕیارە رێکەوتنەکە لە مانگی حەوتی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت

K24-هەولێر

رۆژنامەی بێلدی ئەڵمانیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند تاوەکوو ساڵی 2017 رێگە نادرێ هاوڵاتیانی تورکیا بەبێ ڤیزە گەشت بۆ یەکێتی ئەوروپا بکەن.

رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە لە بەرلین راشیگەیاند: "حکوومەتی ئەڵمانیا پێشبینی ناکات پێش ساڵی 2017 رێگە بە هاوڵاتیانی تورکیا بدرێ بەبێ ڤیزە گەشت بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکەن، چونکە ئەنقەرە ئەو مەرجانەی کە پێویستن، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ ناکات".

تورکیا لە ساڵی 2013 وە پرسی رێگەدان بە چوونی هاوڵاتیانی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ یەکێتییەکە تاوتوێ دەکات و هەردوولا لە مانگی سێی ساڵی 2016 رێکەوتنێکیان واژوو کرد بۆ رێگەدان بە چوونی هاوڵاتیانی تورکیا بۆ یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڤیزە بەرامبەر ئەوەی تورکیا رێگە لە چوونی بەلێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بگرێ بەرەو ئەوروپا.

ئەمە لە کاتێکدایە بەشێک لە بەرپرسان و دیبلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا پێشبینی دەکەن لەو وادەیەی کە بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنی یەکێتییەکە و تورکیا دیارکراوە لەبارەی گەشتی هاوڵاتیانی تورکیا بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڤیزە، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا لەبارەی یاسای نەهێشتنی تیرۆر لە تورکیا، پێوە پابەند نابن.

بەڵام ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز دەڵێ: گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا هیچ کۆمێنتێکی لەبارەی ئەم هەواڵانەوە نەخستووەڕوو.

بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە. لەبەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا بڕی 6 ملیار یۆرۆ دەدات بە تورکیا و رێگە بە هاوڵاتیانی تورکیا دەدات بەبێ ڤیزە گەشت بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکەن.

ئا: ئا ، ف