عەرەبە هاوردەکان دەغڵودانی جوتیارانی کورد دەسوتێنن

ژمارەیەک لە جوتیارانی کورد لە ترسی سوتاندن دروێنەی دەغڵودان پێشدەخەن
kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

دەغڵودانی جوتیارێکی کورد لە گوندی شانشینی سنووری پردێ لە لایەن عەرەبە هاوردەکانەوە سوتێنرا، ئەو جوتیارە دەڵێ "حاڵمان خراپە و دوژمن گەمارۆیداوین"، جوتیارانی دیکەی سنوورەکەش لە ترسی سوتاندنی بەروبوومەکانیان، دروێنەیان پێشخستووە.

وەرزی دروێنەیە و لە کەرکووکیش وەرزی سوتاندنی رەنجی جوتیارانی کوردە، دەغڵودانی جوتیارێکی کورد لە گوندی شانشینی سنووری پردێ، لە چەند خولەکێکدا ماندوبوونی ساڵێک گڕی تێبەردرا.

سامان سەعید، ئەو جوتیارە کوردی گەنمەکەی سوتێنراوە بە کوردستان24ی گوت: "عەرەبە هاوردەکان ئاگریان لە دەغڵودانی من بەردا، تا تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتن هەمووی سوتا، ماندوبوونی ئەمساڵمان بە فیڕۆ چوو".

گەنمی ئەو جوتیارە کە لە زەوییەکی 23 دۆنم داچێنرابوو هەمووی سوتا، زیانەکەی بە 25 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت،  خاوەن زەوییەکە بەنیازبوو دوای دوو رۆژیتر گەنمەکەی بدروێتەوە.

ژمارەیەک لە جوتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک، لەترسی سوتان دروێنەیان پێشخستووە، ئەگەرچی زیان بە کوالێتی گەنمەکە دەگەیەنێت و بەنرخی کەمتر وەردەگیرێت، بەڵام جوتیاران ناچارن و لە سوتان پێیان باشترە و دەڵێن زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە باشترە.

گوندی شانشین لە کۆی 6 ماڵ تەنیا یەک خێزانی کوردی لێماوە، ئەویش بەرووبوومەکەی سوتێنرا، فشارەکانی سەر ئەو خێزانە کوردەش لەلایەن عەرەبی هاوردەوە مەبەست لێی جێهێشتنی زەوی و زار و گوندەکەیە، بەتەنیشییەوە گوندی قەزنەفەرە سەرجەمی ماڵەکانی ئەم گوندەش لەترسی چەکدارانی داعش چۆڵیانکردووە .