هۆڵەندا و بەریتانیا پێشنیازێک دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە

پشتیوانی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پیشمەرگە دەکرێت

K24 - هەولێر

راوێژکاری سەربازیی لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان چاودێری پڕۆسەی چاکسازیی نێو هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئاشکراشی کرد، پێشنیازێکیان پێشکەش بە ‌هێزی یەکەکانی 70 و 80 کردووە و ئەگەر ئەو پێشنیازە سەرکەوتوو بوو، ئەوا زۆربەی کێشەکانی پێشمەرگە چارەسەر دەبێت.

کۆلۆنێڵ یان تێن هوڤ، راوێژکاری سەربازیی لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا لە پڕۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگەدا کار دەکەین، بنکەیەکی هامەهەنگیمان دامەزراندووە بە مەبەستی چاودێریکردنی پڕۆسەی ریفۆرم و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە".

گوتیشی: "ئێمە پێشنیازێکمان پێشکەش بە ‌هێزەکانی یەکەی 70 و 80 و هەردوو لایەنە سیاسییەکەش کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی و پێشموایە کە ئەگەر ئەو پێشنیازە پەسەند کرا و سەرکەوتوو بوو، زۆربەی کێشەکانی پێشمەرگە چارەسەر دەبن".