ئیسرائیل یه‌كلایه‌نه ئاگربه‌ستی راگه‌یاند
K24 – هه‌ولێر:
كه‌ناڵی 13ی ئیسرائیل، بڵاویكرده‌وه، كابینه‌ی بچووككراوه‌ی ئیسرائیل، بڕیاری دا به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی بچووككراوه‌ی ئیسرائیل‌دا پێشنیازی راگرتنی ئاگربه‌ستی خستبووه‌ڕوو.
پێشنیازه‌كه یه‌كلایه‌نه‌یه و ئیسرائیل له قۆناغی یه‌كه‌مدا بڕیاری داوه له كاتژمێر (02:00)ی به‌ره‌به‌یانه‌وه پێیه‌وه پابه‌ند بێت.
هه‌ریه‌ك له نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هه‌واڵگری میسر له ئیسرائیل سه‌رقاڵی دانووستانن بۆ راگرتنی ئاگربه‌ست.
ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی جارێكی دیكه بۆ تاوتوێكردنی پرسی شه‌ڕی ئیسرائیل و غه‌ززه كۆبووه‌وه و نوێنه‌رانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل هێرشیان كرده سه‌ر یه‌كدی.
له ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوودا، ئه‌مه‌ریكا رێگر بوو له‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكات و داوای راگرتنی شه‌ڕ بكات.
پێشتر جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، پێشبینی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژییه‌كانی كردبوو.
ئه‌مه‌ریكا ره‌تیده‌كرده‌وه رێگه بدات، هیچ بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی دژ به شه‌ڕی غه‌ززه ده‌ربچێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ جین بساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، هه‌وڵ هه‌یه بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست.
گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا له‌و بڕوایه‌دایه ئیسرائیل زۆرێك له ئامانجه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی خۆی به‌ده‌ستهێناوه و هه‌وڵی راگرتنی شه‌ڕی بابه‌تێكی هانده‌رانه‌یه.
ئه‌مڕۆ 11یه‌مین رۆژی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و لایه‌نه فه‌له‌ستینییه‌كان بوو له كه‌رتی غه‌ززه.
له ئاكامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه زیاتر له 250 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا كه زیاتر له 60یان منداڵ بوون و هه‌روه‌ها زیاتر له 1500 كه‌س بریندار بوون و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش رایگه‌یاند، 105 هه‌زار هاووڵاتی ناچار بوون ماڵه‌كانیان به‌جێبهێڵن و ئاواره بن و چه‌ندین باڵه‌خانه و ناوه‌ندی حكومی له غه‌ززه وێران بوون.