نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر رووداوی خۆسووتاندنی گه‌نجه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵات هاته‌ دەنگ

نەتەوەیەکگرتوەکان: بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، ناو و زانیاریی ئەو پەنابەرانە تۆمار ده‌كه‌ین، كه‌ داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن
راگه‌یه‌ندراوی كۆمسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی خۆسووتاندنی گه‌نجه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
راگه‌یه‌ندراوی كۆمسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی خۆسووتاندنی گه‌نجه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر رووداوی خۆسووتاندنی بێهزاد مەحموودی هاته‌ دەنگ و رایگه‌یاند: بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فێدراڵی عێراق، ناو و زانیاریی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، تۆماردەکەین.

دوای دوو رۆژ لە خۆسووتاندنی گەنجە رۆژهەڵاتیەکە یو ئێن ئێچ سی ئاڕ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ راگه‌یاند و گوتی: رووداوی تراژیدی خۆسووتاندنی ئەو پەنابەرە لەبەردەم باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەولێر، نیگەرانی کردین.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، تیمی تەندروستیەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان هاوکاری پزیشکیان پێشکەش به‌و گه‌نجه‌ کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ تۆمارکردنی ناو و زانیارییەکانی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەگوێرەی ستاندارد و یاسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پەناخوازان.

یو ئێن ئێچ سی ئاڕ گوتیشی: بەبێ جیاوازی هاوکاری راستەخۆ پێشکەشی هەموو ئەو پەنابەرانە دەکەن، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقن، هاوکارییەکانیش بریتین لە: خزمەتگوزارییەکانی پارستن، هاوکاری دارایی و یاسایی.

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌، جیا لەوەش پشتیوانی دامەزراوەکانی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان دەکەین بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بۆ پەنابەران وەك: خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە، ئاو و کارەبا.

H.B