بڕیارێكی ئیداره‌ی بایدن گورز له‌ كه‌رتی نه‌وتی رۆژئاوای كوردستان ده‌دات

نوێنه‌ری رۆژئاوای كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا: بڕیاره‌كه‌ له‌م كات و ساته‌دا دۆخه‌كه‌مان سه‌ختتر ده‌كات
هێزێكی  ئه‌مه‌ریكی كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان جێگیركراون - فۆتۆ: ئه‌رشیڤ
هێزێكی ئه‌مه‌ریكی كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان جێگیركراون - فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

ئیداره‌ی بایدن بڕیاریداوه‌ چیدیكه‌ كۆمپانیای دێلتا كریسێنت ئینێرجی ئه‌مه‌ریكا له‌ سزاكان نه‌به‌خشێت، كه‌ له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی رۆژئاوای كوردستان كار ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی ئه‌لمۆنیتۆر، سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو پێی راگه‌یاندووه‌، کە ئه‌مریكا چیدیكه‌ ماوه‌ی به‌خشین له‌ سزا بۆ كۆمپانیای دێلتا كریسێنت ئینێرجی درێژناكاته‌وه‌، كه‌ له‌ 30ی نیسان/ ئه‌پریلی 2021 كۆتاییهاتووه‌، پێناچێت هیچ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ش له‌ سزاكان ببه‌خشرێت كه‌ به‌ نیاز بێت له‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ی رۆژئاوای كوردستاندا کار بكات.

به‌ گوێره‌ی یاسای قه‌یسه‌ر، كه‌رتی نه‌وتی سووریا سزای خراوه‌ته‌ سه‌ر، به‌هۆی ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وتی سووریا بۆ كڕینی چه‌ك خه‌رج ده‌كرێت و چه‌كه‌كه‌ش لەلایەن حکومەتەوە له‌ دژی هاووڵاتیانی سووریا به‌كارده‌هێنرێت، پێشتر كۆمپانیای دێلتا كریسێنت كه‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا كارده‌كات، له‌و سزایانه‌ به‌خشرابوو.

ئه‌گه‌رچی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌ ژێر چاودێری و پارێزگاری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌، به‌ڵام ئیداره‌ی بایدن بڕیاریداوه‌ چیدیكه‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ له‌ سزا نه‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ش به‌ گورزێكی كوشنده‌ بۆ كه‌رتی نه‌وتی ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان داده‌نرێت، به‌تایبه‌تیش ئێستا له‌ دۆخێكی سه‌ختی ئابووریدایه‌ و چه‌ند رۆژێكه‌ نرخی سووته‌مه‌نی گرانتر بووه‌.

مانگی ئۆكتۆبه‌ر و نۆڤه‌مبه‌ری 2019، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان ته‌نیا بۆ نه‌وت له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئیداره‌ی بایدن بڕیاره‌كه‌ی گۆڕیوه‌ و رایگه‌یاندووه‌ هێزه‌كانیان له‌ پێناو خه‌ڵك ده‌مێننه‌وه‌، نه‌ك نه‌وت.

وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌لمۆنتیۆر باسیكردووه‌، پێده‌چێت جه‌یمس جێفری، نێرده‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا هه‌وڵبدات كاری كۆمپانیاكه‌ و ماوه‌ی به‌خشین له‌ سزاكان درێژ بكاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا جێفری ئه‌وه‌ی بۆ میدیاكان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

سینه‌م محه‌مه‌د، نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ وێبسایتی ئه‌لمۆنیته‌ری راگه‌یاندووه‌، ئه‌و بڕیاره‌ له‌و كات و ساته‌دا بۆ ئه‌وان قورسه‌، به‌و پێیه‌ی دۆخی ئابووری له‌ رۆژئاوای كوردستان سه‌خته‌، سنووره‌كانیان به‌ڕوودا داخراوه‌ و بێبارانی و وشكه‌ساڵیش زیانی له‌ كه‌رتی نانه‌وتییش داوه‌.

له‌ هه‌ردوو پارێزگای حه‌سه‌كه‌ و دێرزوور، ژماره‌یه‌ك بیری نه‌وت هه‌ن و له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درێن، له‌ ساڵی 2019ـه‌وه‌ كۆمپانیای دێلتا كریسێنت ئینێرجی ئه‌مه‌ریكی نه‌وتیان لێ به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ی ئیداره‌ی بایدن، ره‌نگه‌ كاره‌كانی په‌كبخات و ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌ ناچار بكات، كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان جێبهێڵێت، كه‌ له سه‌ره‌تای كاركردنیدا، رۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌رهه‌مهێناوه‌.