سەنتەری ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکووک دەکرێتەوە

ھەشت ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە کەرکووک
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سەنتەری ھەماھەنگی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان لە سەربازگەی (کەی وەن) لە کەرکووک دەکرێتەوە، ھەشت ئەفسەری لیوای یەک و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە کەرکووک و دەوامی فەرمی لە سەنتەرەکە دەکەن.

 تەحسین خەفاجی گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقیەکان بە کوردستان24ی راگەیاند "ئەو سەنتەرە لە سەرەتاوە ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری دەکەن، لە ژێر فەرمانی ھەولێر و بەغدا، ھەر لەم ھەفتەیە بڕیارە چەند سەنتەرێکی دیکەی ھەمەھەنگی بکرێنەوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ئۆپەراسیۆن و کیۆماڵکردنی ھاوبەش لە ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، کە بۆشایی ئەمنی ھەیە و چەکدارانی داعش جموجۆڵی تێدا دەکەن.

گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچەدابرێنراوەکان لە باس و خواسەوە دەبێتە کردار، دوای چەندین کۆبوونەوە حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە بەشداری ھێزەکانی پێشمەرگە، شەش سەنتەری ھەمەھەنگی بکاتەوە لە سنووری ناوچە دابرێنراوەکان، ھەفتەی رابردوو یەکەم بنکەی ھەماھەنگی لە دیالە کرایەوە، ئەمڕۆ دووەم بنکەی ھەماھەنگی لە سەربازگەی ( K1 ) لە کەرکووک دەستبەکار دەبن، ھەشت ئەفسەری لیوای یەک و دووی  سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە شوێنی تایبەتی خۆیان دەبێت لە ناو ئەو بنکەیە و دەوامی فەرمی دەکەن.

یەحیا رەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی پەیوەستە بە سەنتەرە ھاوبەشەکانەوە، پێکھاتووە لە ئەفسەرانی ھێزەکانی حکومەتی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، کارەکانیان بریتی دەبێت ھەماھەنگی لە نێوان ھەردولا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری لەبارەی تیرۆرستانی داعشەوە، بۆیە پێموایە ئەم سەنتەرانە گرنگ دەبن، ئەرکەکانیان پێویستە بۆ بەدەستخستنی زانیاری".

بڕیارە لە دوای دیالە و کەرکووک لە ماوەی ھەفتەیەک سەنتەرەکانی ھەمەھەنگی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە مەخموور و نەینەواش بکرێنەوە، دواتریش ئۆپراسیۆنی ھاوبەش و کیوماڵکردنی ئەو شوێنانە دەستپێدەکەن، کە جموجۆڵی داعشی تێدایە.

تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەو ئەفسەرانەی کە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم دەکەن یان عێراق، بەشێک دەبن لە ئاڵوگۆری زانیاری زۆر گرنگ، تاکو بتوانین کردەوەکانی داعش بەرتەسک بکەینەوە، بۆیە من پێم وایە ئێمە سەرکەوتووبووین لە دروستکردنی کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە، ھەر بەو ھۆیەوە پلانمان ھەیە لە داھاتوو بەیەکەوە داعش لەو ناچانە وەدەرنێن، ھەروەھا رێگا لە بەقاچاغ بردن و بەھەدەردانی داھاتی وڵاتەکەمان بگرین".

لەژێر چاودێری فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بە فەرمانی ھەولێر و بەغدا، سەنتەرەکانی ھەماھەنگی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری دەکەن بۆ قەتیس کردنی کردەوەکانی داعش و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی کە لەنێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان ھەیە. دوای چوار ساڵ لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دروستکردنی ئەو سەنتەرانە بە یەکەم خاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دادەنرێت.