وشکەساڵی کاریگەری لەسەر بەروبوومی دانەوێڵەی جوتیاران دەبێت

بێ بارانی رێژەی بەرهەمی جوتیاران کەمدەکات
kurdistan24.net

K24 - رانیە

وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ لە سنووری دووکان و مەرگە و بنگرد دەستیپێکرد و جوتیاران بەرهەمی ئەمساڵ دەدورنەوە. بێ بارانی و وشکەساڵی، کاریگەری لەسەر بەروبوومی دانەوێڵەی جوتیاران هەبووە، وەک جوتیاران دەڵێن بڕشتی گەنم وەک ساڵانی رابردوو نییە. ئەمە کاتێکدایه، جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەشێکی پارەی ساڵانی رابردووی گەنمی فرۆشراویان لای حکومەتی عێراق ماوە و پێیان نەدراوە.

جیاواز لە ساڵانی رابردوو وشکە ساڵی و سن و کیسەڵە، کاریگەری لەسەر بڕشتی گەنم و کوالێتی دانەوێڵە داناوە. لە هەرێمی کوردستان هێشتا دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم و جۆ نەکراونەتەوە، بۆیە جوتیاران دەغڵ و دانەکانیان دەدورنەوە و لە کۆگاکان دایدەنێن تاکو کاتی کردنەوەی سایلۆکان.

حەسەن عەبدوڵڵا، یەکێکە لە جوتیارانی دەڤەری راپەڕین بە کوردستان24ی گوت: "گەنمی ئەمساڵ بە گشتی خراپە، هۆکارەکەشی ئەوەیە لەکاتی پێویست باران نەباری، بەرهەمی ئەمساڵمان بەراورد بە ساڵانی رابردوو نیوە بە نیوەی زیاتر کەمتر دەبێت".

یەکێکی دیکە لە جوتیارانی ئەو دەڤەرە بەناوی عەبدولڕەحمان سەلیم، دەڵێ: "تائێستا پارەی گەنمی چوار ساڵمان لە حکومەتی عێراق بە تەواوی پێنەدراوە، سەرەڕای وشکەساڵی وەرنەگرتنی پارەی ساڵانی رابردوو کاریگەری لەسەرمان هەیە".

سنووری مەرگە و بنگرد، رووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی هەیه، زۆرینەی ئەو زەویانە ساڵانە بە گەنم و جۆ دادەچێنرێن و هەزاران تۆن بەرهەمی دانەوێڵەیان هەیه، ئەمساڵ ئەگەرچی رێژەی بارانبارین لەو ناوچەیە باشتر بووە لە زۆر ناوچەی دیکە، بەڵام بەرهەمی دانەوێڵەکەی بەدەر نەبووە لە کاریگەری وشکەساڵی.