بازرگانێك یانه‌یه‌كی وه‌رزشی بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌كڕێت
كوڕه‌كه‌ی كێشی 126 كیلۆیه و ده‌یه‌وێت ببێته "رۆناڵدۆ"یه‌كی نوێ یان "میسی"یه‌كی دیكه
K24 - هه‌ولێر:
"كێ ده‌ڵێت پاره خۆشبه‌ختی ناكڕێت"، ئه‌مه قسه‌ی بازرگانێكی چینییه، كه یانه‌یه‌كی وه‌رزشی بۆ كوڕه‌كه‌ی كڕی، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یاریزانێكی پرۆفیشناڵ و ویستی كوڕه‌كه‌ی به‌دیبهێنێت و ببێته "رۆناڵدۆ"یه‌كی نوێ یان "میسی"یه‌كی دیكه.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی "ئۆدیتی سێنتراڵ"، بازرگانه چینییه‌كه "هو شیهوا"ی ته‌مه‌ن (35 ساڵ)، توانیویه‌تی یانه‌یه‌كی پله دوو بۆ خۆی و كوڕه‌كه‌ی بكرێت، تاوه‌كو به فه‌رمی یاری تێدا بكه‌ن.
تۆپی پێ ئاره‌زوویه‌كی گه‌وره‌ی بازرگانه چینییه‌كه‌یه، خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌بووه ببێته یاریزانێكی پرۆفیشناڵ، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی له تواناكه‌ی و قووڵبوونه‌وه‌ی له كاری بازرگانی، ئه‌و ئاره‌زووی نه‌هاتووه‌ته دی.
ئێستا خه‌ریكی ئه‌وه‌یه خه‌ونه‌كه‌ی بهێنێته دی، هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه گونجاو نییه، به‌ڵام بڕیاری دا یانه‌ی "زه‌باو كوجو" بكرێت.
شیهوا، هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستا به‌رگریكاری سه‌ره‌كیی تیمكه‌ی بكات، به‌ڵكو كوڕه‌كه‌شی له یاریزانه سه‌ره‌كییه‌كانی تیمه‌كه‌ی داناوه، ئه‌و كاره به ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ی به‌هره و توانای پێویستی وه‌رزشی هه‌بێت، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ی كێشی 126 كیلۆگرامه و به زه‌حمه‌ت ده‌توانێت یاری بكات، به ده‌گمه‌ن راده‌كات، كه ئه‌وپه‌ڕی 5 تا 10 خوله‌ك به هێواشی راده‌كات.
تا ئێستا خاوه‌نی یانه‌كه به‌شداری له یه‌ك یاریدا كردووه و درێسی ژماره 10ی له‌به‌ركردووه، به‌ڵام راهێنه‌ر و یان یاریزانه‌كان ناتوانن بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریكردنی "كوڕه نازپێدراوه‌كه"ی بده‌ن، نه‌وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهاتیان رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ببێته‌وه.
د.ی