به‌كارهێنانی ئاواز و گۆرانی فۆلكلۆر بۆ رێكلامی بازرگانی قه‌ده‌غه كرا
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا له‌مه‌ودوا به‌كارهێنانی ئاواز و میلۆدی فۆلكلۆر بۆ رێكلامی بازرگانی قه‌ده‌غه بێت.
به گوێره‌ی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، كه واژووی وه‌زیری رۆشنبیری "حه‌مه‌ی حه‌مه سه‌عید" به‌سه‌ره‌وه‌یه و رۆژی 20ی ئایار به ژماره (1/1/2205) ده‌رچووه، هاتووه: ئاماژه به یاسای ژماره (17)ی یاسای مافی دانه‌ر و مافه هاوسێكانی، مادده‌ی چواره‌م، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان خاوه‌ندارێتی سه‌رجه‌م ئاوازه فۆلكلۆرییه‌كان ده‌كات، كه خاوه‌نه‌كانیان دیار نین.
هه‌روه‌ها هاتووه: داواكارین: راگرتنی سه‌رجه‌م ئه‌و رێكلامانه‌ی كه گۆرانی و ئاوازی فۆلكلۆر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی تێدا به‌كارهێنراوه بۆ مه‌به‌ستی كاری بازرگانی.
له نووسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه، له رێككه‌وتی ده‌رچوونی ئه‌م نووسراوه، هه‌ر كۆمپانیایه‌كی رێكلام و كه‌ناڵێكی میدیایی، ئاواز و گۆرانی فۆلكلۆر به‌كاربهێنێت، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته به‌ر به پێی یاسای مافی دانه‌ر و مافه هاوسێكانی.