کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە عێراق

لە جۆری فایزەرە و بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابەش دەکرێت
فاکسین
فاکسین

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، گەیشتنی کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای، لە جۆری ڤایزەر راگەیاند، بەبێ ئەوەی ژمارەکەی ئاشکرا بکات.

بڕیاریشە، ڤاکسینەکە بەسەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی نیسانەوە هەموو یەکشەممەیەک کاروانێکی ڤاکسین گەیشتووەتە عێرا ق و بەسەر ناوەندە تەندروستییەکان دابەش دەکرێت.

لە سەرەتای مانگی شوباتی 2021 یەکەم کاروانی ڤاکسین لە جۆری سینۆفارم گەیشتە عێراق، دواتر هەر یەک لە کۆمپانیاکانی ئاسترازینکا و فایزەر چەند کاروانێکی فاکسینیان رەوانە کرد. بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا 2٪ی خەڵکی عێراق فاکسینیان وەرگرتووە.