قوباد تاڵەبانی: بەمنزیکانە شاندی حکومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم: ئومێدمان هەیە یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت

K24 - سلێمانی

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەوەستاون و ئاشکراشی دەکات بەمنزیکانە شاندی حکومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی پشکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ دەکات.

قوباد تاڵەبانی، بە کوردستان24ی گوت: "گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامن و پەیوەندی بەردەواممان هەیە، وەک شاندی حکومەتی هەرێم بەمنزیکانە دەچینەوە بەغدا، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، کە ئومێدیان هەیە کە یاسای بودجەی 2021ی عێراق جێبەجێ دەکرێت.