گەندەڵی بەرۆکی عێراق بەرنادات

"عێراق هەنگاوی کردەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نەناوە"
گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا
گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا

K24 - هه‌ولێر:

گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەو وشەیەی لە عێراق ببووە دروشم و لە سەر زاری بەرپرسی حزبی و حکومییە باڵاکان گوێبیستی دەبین. بەڵام تا ئێستا بچوکترین ھەنگاوی کردەی نەنراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بڕیاره‌ گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕبونەوەی گەندەڵی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارن لەو کۆنفڕانسە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستانیش ئاشکرای كرد، کە رووبەڕوه‌بوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان قۆناغی بانگەشە و دروشمی تێپەڕاندووە بە بەراورد بەعێراق و ئێستا لە قۆناغی کردەیداین بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانداین.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆنفڕانسی نێو دەوڵەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی رۆژی دووشەمە دەبەسترێت بە بەشداری سەرجەم کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان.

لە ھەرێمی کوردستان ئێستا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دروشمەوە بووە بە کردار و بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیش ھەنگاوێکی گەورە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چووەتە پێشەوە، ئەمە قسەی ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستانه‌، پێشی وایە بە بەراورد بە عێراق، هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی بڕیووە، بەڵام عێراق ھێشتا لە قۆناغی بانگەشەیە و هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق باس لە ھەوڵ و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکرێت و ھەروەھا ئەو ھەنگاوانە چی بوون کە ھەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناویانە، کرمانج عوسمان، شارەزای یاسایی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد، دەمێکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کردەی ئەوەی تێپەڕاندووە کە دژی گەندەڵیە و بە ھەموو یاسا و دامەزراوەکانیشی رووبەڕووی دەبێتەوە.

ھەر یەکە لە سەرۆکی پەرلەمان کوردستان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبن لەو کۆنفڕانسە و جگە لەوەی ئەجێندا و ھەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو، دیدگای حکومەتی ھەرێمی کوردستان روون دەکەنەوە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی ئیداری و دارایی.

د.ی