سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رەشنووسی یاسای بودجە دەکات

لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجومەنی وەزیران رەشنوسی پڕۆژەیاساکە پەسەند ده‌کات و بۆ پەرلەمانی کوردستان ده‌نێردرێت
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم

K24- هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (24ی ئایار/ مایۆی 2021) سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە تایبەت بوو بە رەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ له‌بارەی رەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان و دوایین داتاکانی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی هەرێم کرا و ئەگەرە جیاوازەکان بۆ داڕشتنی بودجە تاووتوێ کران.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە یاسای بودجە، رەنگدانەوەی شەفافانەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بێت. لەم چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەکە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، کە دوایین تێبینی و سەرنجەکانیان لە سەر رەشنووسی یاساکە ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەنجومەنی وەزیران رەشنوسی پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات و پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان.

سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر كۆده‌بێته‌وه‌
سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر كۆده‌بێته‌وه‌

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 کرا، کە تا ئێستا شایستە داراییەکانی هەرێم بە پێی یاساکە خەرج نەکراوە، سەرەڕای ئامادەيی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیرە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حكومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ ئەم مەبەستە، بڕیاڕیشە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.