سێ کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئێران رەتکرانەوە

ناوی کاندیدە پەسندکراوەکان ئاشکرا دەکرێت
مەحموود ئەحمەدی نەژاد - عەلی لاریجانی - ئیسحاق جەهانگیری
مەحموود ئەحمەدی نەژاد - عەلی لاریجانی - ئیسحاق جەهانگیری

K24 - هەولێر

مەحموود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ئێران رەتکرانەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فارسی ئێرانی "هەریەک لە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری، لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ئێران رەتکرانەوە، هاوکات ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرا کە بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی پەسندکراون".

بەگوێرە ئەو ئاژانسەی ئێران "هەر یەک لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەستەڵاتی دادوەری، موحسین رەزایی، سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكان، سەعید جەلیلی ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، عەلی رەزا زاکانی، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە لە پەرلەمان، ئەمیر حوسەین قازی زادە هاشمی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی و موحسین میهر عەلی زادە، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ناوچەی کیش، وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئێران پەسندکراون.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بە فەرمی رابگەیەنرێت، کە لە 18ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.