یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان هەموار دەکرێتەوە

نرخی تاپۆکردنی خانووەکان کەمدەکرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان هەموار دەکرێتەوە، نرخی تاپۆکردنی خانووەکانیش زۆر کەمدەکرێتەوە و ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری هاووڵاتیانیش بۆ تاپۆکردنی خانوەکانیان لە ساڵێکەوە بۆ سێ ساڵ درێژ دەکرێتەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پرۆژە یاساکە بکات.

کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ هۆکارێک بوو، کە یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەرۆکان نەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە پەرلەمان ناچار بوو یاساکە لە دوای ساڵێک لە پەسەندکردنی هەموار بکاتەوە، پڕۆژەیاسای هەمواری تاپۆکردنی خانووە زێدەرۆکان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکات و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان هەموار دەکرێتەوە.

زکری زێباری، ئەندامی لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "هەموو ئەو زەویانە تاپۆ دەکرێن کە دەکەونە ناو ماستەرپلانی شارەوانییەکان. تێبینی زۆرمان لەسەر ئەو یاساییە هەیە، بۆ نموونە نرخی تاپۆکردن دەبێ کەمبکرێتەوە".

ئەو دوو ماددەیەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان هەموار دەکرێتەوە بریتین، لە کەمکردنەوەی نرخی تاپۆکردنی زەوی لەسەر خاوەنەکەی،  کە رێژەی کۆی نرخەکە لە 10٪ بۆ ئەو کەسانەی پێشتر سودمەند نەبوون، بۆ ئەو کەسانەش سودمەند بوون بە رێژەی لە 60٪ کۆی نرخەکە لەسەر خاوەنەکەی تاپۆی دەکرێ، ماوەی پێشکەشکردنیش لە ساڵێکەوە بۆ 3 ساڵ درێژ دەکرێتەوە.

نزار سوورچی بریاردەری لیژنەی شارەوانی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد: "خاڵی یەکەم کە هەمواری دەکەینەوە بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان ئەوەیە ماوەی ساڵێک دیاریکرابوو بۆ تاپۆکردنی زەوییەکان کردمان بە سێ ساڵ، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە پێشکەش بکەن، هەروەها نادایەک هەبوو لە نرخی تاپۆکردن، لە شارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازبوو، بڕیاردرا ئەو نرخە ببێتە رێژەیی".

هەر بەگوێرەی ئەو هەموارە بڕگەیەک بۆ یاساکە زیادکراوە، ئەویش تاپۆکردنی ئەو خانوانەیە کە لەسەردەمی رژێمی بەعس روخێنراون و لەسەر خاوەنە راستەقینەکەی تاپۆ دەکرێن،  بەپیێ ئەو یاسایە نزیکەی 250 هەزار خانوو  تاپۆ دەکرێن،  کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە خانووەکانیان تا رۆژی 13ی3ی 2018 دروستکردووە.