ئیسرائیل رێگه‌ی به هاوكارییه مرۆییه‌كان دا بگاته غه‌ززه
K24 - هه‌ولێر:
"كه‌ناڵی 7"ی ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه، به بڕیاریكی سیاسی و به پشتیوانی سوپای وڵات، رێگه به هاوكارییه مرۆییه‌كان دراوه بێنه غه‌ززه، بڕیاره‌كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (25ی ئایار/ مایۆی 2021) جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هاوكارییه مرۆییه‌كانی غه‌ززه، كه‌لوپه‌لی پزیشكی، خۆراك، ده‌رمان و سووته‌مه‌نی ده‌بێت بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، به‌ڵام بڕیاره‌كه هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل ناگرێته‌وه.
كه‌ناڵه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاره‌كه له‌مڕۆه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رێگه به نه‌خۆش ده‌درێت به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن گه‌شت بكه‌ن، هه‌روه‌ها رێگه به كارمه‌ندانی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رۆژنامه‌نووسه بیانییه‌كان ده‌درێت له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی "به‌یت حانون- ئیریز"ه‌وه بێنه ناو غه‌ززه.
له بڕیاره‌كه‌دا هاتووه، رێگه به رووبه‌رێكی دیاریكراوی راوكردن ده‌درێت، كه نزیكه‌ی 10 كلیۆمه‌تری ده‌ریاییه، له كاتژمێر 6ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌پێی بڕیاره‌كه، كه له‌سه‌ر ئاستی سیاسی دراوه، "ئه‌و هه‌نگاوه مه‌ده‌نییه سه‌ره‌كییه به‌و مه‌رجه به‌رده‌وام ده‌بێت، كه پارێزگاری له ئارامی و سه‌قامگیری ئه‌منی بكرێت".
د.ی