فرانکۆ بەتیاتۆ له‌ گۆرانییه‌كدا باسی خه‌باتی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌كات

له‌ ساڵی 1979دا گۆرانییه‌كه‌ی گوتووه‌ و کوردی ناسیووە و لەخەمی ئازارەکانیدا بووە

K24 - ئەوروپا:

ئەو هونەرمەندەی بەر لە 42 ساڵ ناوی شۆڕشی کورد و مەلا مستەفا بارزانی لە گۆرانییەکیدا رەنگیدایەوە، کوردی ناسیووە و لەخەمی ئازارەکانیدا بووە، هەفتەی رابردوو له‌ ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

چەندین لە گۆرانییەکانی بۆ گەلانی زوڵملێکراو و ژێردەست و چەوساوە گوتووە،  "فرانکۆ بەتیاتۆ" لە 23ی ئاداری 1945 هاتووه‌تە دونیاوە و بە ناوی "یۆنیا" بانگکراوە، زوو جێگای لەناو هونەری موزیك و بوارە هونەرییەکاندا کردووه‌تەوە، بە تێکەڵکردنی ستایلەکانی موزیکی پۆپی ساڵانی شەستەکان، کەسێک بووە لەو کەسانەی موزیکی رۆکی هێناوەتە ناو موزیکی ئیتاڵیاوە، دواتر بەرەو موزیکی فۆلکلۆری و ئەلیکترۆنی و کلاسیکی ئۆپێرا چووە.

هونه‌رمه‌ند
هونه‌رمه‌ند "فرانکۆ بەتیاتۆ"ی ئیتاڵی

کاری هونەریی "بەتیاتۆ" لە شەستەکانی سەدی رابردوودا دەستی پێکردووە، کە بۆ یەکەم جار لەگەڵ "گرێگۆریۆ ئالیکاتە"ی هاوڕێی، گۆرانییەکی رەخنەئامێزیان بەناوی (فرۆشیاری گەڕۆك) بڵاوکردەوە و لەبەردەم قوتابخانەکاندا نمایشیان دەکرد. ساڵانی دواتر خۆی تەرخانکرد بۆ موزیکی تاقیگەری بەدەنگی ئەلیکترۆنی. ساڵانی هەشتاکان ساڵانی دەرکەوتن و ناساندنی "فرانکۆ بەتیاتۆ" بووە، ساڵی 1981 بە گۆرانی (پێر ئێلیزا) بەشداری فێستیڤاڵی سانرێمۆی موزیکی ئیتاڵی کرد و نازناوی فێستیڤاڵەکەی بردووه‌تەوە.

فرانکۆ بەتیاتۆ، لەگەڵ خەمی بەردەوامی کێشەی ئیتاڵییەکاندا، لەخەم و چەوسانەوەی گەلانی ژێردەست و زوڵملێکراویشدا بووە، ساڵی 1979 ئه‌لبومێکی بەناوی سەردەمی بەرازی سپی بڵاوکردەوە، لەناویدا گۆرانییەک بەناوی :رێگاکانی رۆژهەڵات"، باس لە خەمی ئەوکاتەی رووداوەکان دەکات، لە نیوەی گۆرانییەکەیدا ئاوڕ لە کێشەی کورد و خەباتی رزگاریخوازی شۆڕشی کورد دەداتەوە، کە ناچاری شەڕکردنەوە کراونەتەوە و بە تێکست دەڵێت: (تورك و عێراقییەکان وایان لە مەلا مستەفا بارزانی کرد بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ)، بەوەدا دیارە کە "بەتیاتۆ" کوردی ناسیووە و لەخەمی ئازارەکانیدا بووە.

هونه‌رمه‌ند
هونه‌رمه‌ند "فرانکۆ بەتیاتۆ"ی ئیتاڵی

فرانکۆ بەتیاتۆ، 3 ساڵە بەهۆی نەخۆشییەکەوە، کە هەرگیز رانەگەیەندراوە و بە نهێنی ماوەتەوە و لەهەموو پرسیارکردنەکانیشدا لەماوەی نەخۆشییەکەی بە جۆرێک وەڵامی داوەتەوە، کە نەزانرێت هۆکاری نەخۆشکەوتن و وازهێنانی لەکاری هونەری بۆ چ نەخۆشییەک دەگەڕێتەوە! رۆژی 18ی ئەم مانگە لە ماڵەکەی خۆی و شوێنی لەدایکبوونی لە "میلۆ"ی هەرێمی سیسیلیا لە باشووری ئیتاڵیا، لە تەمەنی 76 ساڵیدا ماڵئاوایی لەجیهانی هونەرێک کرد، کە هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردبوو.