ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

یاسای چاکسازیی و خستنەڕووی بابەتی داهاته‌ ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بابه‌تی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه‌
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگه‌یاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (26ی ئایار/ مایۆی 2021)، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی "مەسرور بارزانی"، سەرۆکی حکومەت و به‌ ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە کۆبوونەوەکەی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بابەتێك دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ، كه‌ چوار بابه‌ت و په‌سه‌ندكردنی 2 پڕۆژه‌یاسا ده‌بێت، كه‌ ئه‌مانه‌ن:

یه‌كه‌م: خستنەڕووی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە رێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان.

دووەم: خستنەڕووی بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و رۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی و رادەی پابەندی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.

سێیەم: خستنەڕووی بابەتی پێداچوونەوەی رەسمی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بەڕێزیان سەرپەرشتیاری لیژنەی تایبەت بەم بابەتەن.

چوارەم: خستنەڕووی دوو پڕۆژەیاسا، کە لەلایەن بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پرۆژەیاسایانە خراونەتە بەردەم بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران:

- رەشنووسی پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (5)ی ساڵی (2010).

- رەشنووسی پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق)