جوتیارانی دەشتی شارەزوور نیگەرانن

بەربوومی ئەمساڵیان لە بازاڕەکان ساغ نابێتەوە و رێگە نادرێت هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێت
دەشتی شارەزوور
دەشتی شارەزوور

K24 - شارەزوور

لە دەشتی شارەزوور وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکانە، بەڵام بەھۆی ساغ نەبوونەوە، بێ بازاڕی و کەمی نرخەوە زۆر لە جوتیاران بەروقبومەکانیان کۆناکەنەوە، داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن، ھاوکاریان بێت لە ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان، و ھەناردەکردنیان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

فایەق حەسەن، یەکێکە لە جوتیارەکانی دەشتی شارەزوور، بەرھەمەکەی پێگەیشتوو، بەڵام دەستبەرداری بووەو کۆی ناکاتەوە، چونکە وەک خۆی دەڵێت "ئەگەر بەرھەمەکەم کۆبکەمەوە پارەی کرێکارەکانم بۆ نامێنێتەوە".

ئەو بەربوومانەی ئەم وەرزە کە ساغ نابنەوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بریتین لە، پیاز و کولەکە و پەتاتە، چونکە رێگریان لێدەکرێت هەناردەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی بکەن.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ  سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە گفتوگۆداین لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکەین، جگە لە شارەکانی عێراق بەرهەمی جوتیارانی کودستان بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە بکرێت.