مەرجەعییەتی شیعە لە قوم و نەجەف ناكۆكن

دیارترین ناكۆكییه‌كانییان بزانه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b8cbaf75-6ae4-4936-93ce-a320006bdcb7/Qom%20U%20Najaf.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ناكۆكییەكان و قەیرانی سیاسی لەعێراق وایكردووە، ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر دروشمی دژی ئێران بڵێنەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە سەدر بە نزیك لەئێران دەناسرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا مەرجەعی شیعەی ئێران و عێراق لە ھەندێك مەسەلەی سەرەكیدا را و تێگەیشتنی جیاواز و ھەندێك كاتیش دژبەیەكیان ھەیە.

بەپێچەوانەی ئەوەی باس دەکرا، لێرە لە بەغدا خۆپێشاندەران داوای دەرکردنی ئێرانیان ده‌کرد، لایەنگرانی موقتەدا سەدر پەیامی دەرکردنی ئێرانیان لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانیش گوت، لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانیش دووپاتیانکردەوە.

ئەوکەسانەی موقتەدا سەدر و باوکی بناسن، دەزانن کە ئەوان سەر بە مەرجەعیەتی نەجەفن، بەڵام بەهۆی رژێمی بەعس لەقوم باڵایانکردووە. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش ئەگەرچی لانیکەم لەدوای ئەوەی سەربازانی ئەمریکی عێراقیان چۆڵکرد، سوپا و سیاسەتی ئێران لەعێراق زیاتر گەشەی کرد، بەڵام لەرووی مەرجەعیەتەوە قوم و نەجەف، دانویان لەگەڵ یەکتردا ناکوڵێت.

دوو جەمسەری گەورەی شیعەکان جیهان، قوم و نەجەف، یەکیان لەئێرانە و بە ناوەندی ئیسلامی سیاسی شیعە دەناسرێت، ئەوی دیه‌كه‌یشان کۆنترە و کەمتر خۆی لەسیاسەت دەدات.

ئەو مەرجەعە تەقلیدیانەی لەقوم هەن، کاریگەری زۆریان لەسەر ناوندی بڕیار هەیە بریتین له‌ ئایەتوڵا جەوادی ئامۆڵی، ئایەتوڵا نوری هەمەدانی، ئایەتوڵا سادق رۆ‌حانی، ئایەتوڵا ناسر موکارم شیرازی.

ئەوانە له‌ هەموویان کۆنترم و لەرووی دەسەڵاتی فەتوا بەهێزترن، بەڵام سەرجەمیان لەگەڵ ‌حکوومەتی ئیسلامیدان و ئایەتوڵا عەڵی خامنەیی بە ئیمام و ‌حاکمی سیاسی دەناسێنن.

لەولا لە نەجەف، کە خۆی لەقوم کۆنترە و رەوایی مەزهەبی زۆرتریشی هەیە، بەڵام دەگوترێ پەراوێزخراوترە، و لەئێستادا هه‌ر یه‌ك له‌ ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی، ئایەتوڵا محمد سعید حەکیم، ئایەتوڵا بەشیر نەجەفی، محەمەد جەواد فەییازن.

لە هەردوولا کەسانی دیکەش هەن، بەڵام ئەوانە دیارترینیانن، لەمێژە باس لە ناکۆکییەکانی مەرجەعەکانی نەجەف و قوم دەکرێت و ناکۆکییەکانیش قووڵن، ئیتر ناشاردرێنەوە.

لەقوم کەسایەتییە شیعەکان لەگەڵ ویلایەتی موتڵەقی فەقیهن، لەنەجەف ئەوە مەرجدارە.

لەقوم باوەڕیان ‌به‌ حکوومەتی ئیسلامی هەیە، لە نەجەف لەگەڵ خۆدوورگرتنی دینن لە سیاسەت.

لەنەجەف لەگەڵ ناردنی هێز بۆ سووریا و شەری سووننەکان نین، و لەقوم فەتوا بۆ ئەو شەڕە دراوە.

لەنەجەف لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی شیعە و سووننەن، لەقوم باس لە هەناردەکردنی ‌حکوومەتی شیعە دەکرێت.

ئێستا ناکۆکییەکان لەعێراق لەهەڵکشاندان، مەرجەعەکانی نەجەفیش تەنیا خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاندەدەن، بێدەنگیان لە هەمبەر دۆخەکە رەنگە ئەوە بگەیەنێت، کە نەیانەوێ قسە لەسەر دۆخێك بکەن، کە لە دروستکردنیدا بەشدارنەبوونە، ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژانە لە قومەوە باس لە دۆخی سیاسی عێراق دەکرێت، لەئاستی رێبەریشدا بڕیاری لەسەر دەدرێت.