ئه‌مڕۆ باشووری كوردستان پڕده‌بێـت له‌ چالاكی وه‌رزشی

ماراسۆنه‌كه‌ی سلێمانی له‌ رۆژی وه‌رزشی كوردستان
ماراسۆنه‌كه‌ی سلێمانی له‌ رۆژی وه‌رزشی كوردستان

له‌ رۆژی وەرزشی کوردستان دەیان چالاکی وەرزشی جۆراوجۆر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان به‌سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 بەڕێوەدەچن.

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ وەکو زۆربەی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان رۆژی وەرزشیە و دەیان چالاکی وەرزشی جۆراوجۆر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچن.

چالاکییەکان لە هەشت شار و شارۆچکە و لە 21 شوێنی دیاریکراو بەڕێوەدەچن، چالاکییەکان بۆ ماوەی 14 کاتژمێر بەردەوام دەبن و 20 یاریی وەرزشیی و 27 چالاکی دەکرێن.

دوێنێ هه‌ینی لە شارى سلێمانى به‌ده‌ستپێكردنی ماراسۆنى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ هەردوو ئاستى کوران و کچان یه‌كه‌مین چالاكی رۆژی وه‌رزشی ده‌ستیپێكرد، لەم ماراسۆنەدا کە دووەمجارە ئەنجام دەدرێت لەمساڵدا چالاکییەکە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژى وەرزشى کوردستان و تێیدا نزیکەى 500 کور و کچ بەشداریان لە ماراسۆنەکەدا کرد، بۆ کوران ماوەکە 21 کم و بۆکچانیش 5 کم بوو .

له‌ وڵاتانی وه‌كو توركیا، ئێران، قه‌ته‌ر، ئیمارات، به‌حره‌ین، ژاپۆن، هیندستان، مالیزیا، رووسیا، ئه‌مریكا و ده‌یان وڵاتی دیكه‌ ساڵانێكی زۆره‌ رۆژێك هه‌یه‌ بۆ وه‌رزش، لە کوردستانیش رێكخراوی Kurdistan Sports Day  دەیەوێت رۆژێكی تایبه‌ت بۆ وه‌رزش ده‌ستنیشان بكرێت، وه‌كو چۆن رۆژی ئاڵا هه‌مووان كۆده‌كاته‌وه‌، وه‌رزشیش هه‌مووان كۆبكاته‌وه‌ و سیمایه‌كی وه‌رزشی به‌ وڵات ببه‌خشێت، وەکچۆن لە رۆژی جلی نیشتیمانی هەمووان جلی کوردی و نەتەوەکانی دیکە دەپۆشن و وەکو رۆژێکی تایبەت و پڕکەیف لەو رۆژە دەڕوان، ئاواش لە رۆژی وەرزشی کوردستان زۆرترین کەس جلی وەرزشی بپۆشێت و وەرزش بکەن.