گەڕانەوەی خێزانی داعشیەکان ترسی خستۆتە دڵی خەڵکی مووسڵەوە

یەکەم کاروانی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەیشتوونەتە کەمپی جەدعە
خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل - ئەرشیف
خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل - ئەرشیف

K24 - هەولێر

هەرچەندە هێزێکی ئەمنی زۆر لەناو کەمپی جەدعەی باشووری مووسڵدا جێگیرکراون، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆکاری رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی خەڵکی گەیارە، هەربۆیە کردنەوەی کەمپێک بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش لە ناوچەکەیاندا، ئەوانی نیگەران کردووە.  

عومەر لهێبی، خەڵکی گەیارەیە و باوکی بەدەستی چەکدارانی داعش کوژراوە، نیگەران و توڕەیە لە گەڕاندنەوەی خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعش لە سووریا و جێگیرکردنیان لە ناوچەکەدا و دەڵێت: "وابیر دەکەنەوە ئەوان راستن و ئێمە هەڵەیین، بۆیە ناتوانین بەیەکەوە بژین، گەیارە شەهید و قوربانی زۆریداوە، یەکەم ناوچە بوو لە سنووری پارێزگای نەینەوا رزگار کرایەوە، کەچی ئێستا بووەتە زبڵدانی داعش و پاشماوەکانی".

ئەگەرچی بەرپرسانی ناحیەی گەیارە، دڵنیایی دەدەن، هێزی ئەمنی زۆر بۆ کەمپەکە دابین کراوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رەواندنەوەی ترس لە دڵی خەڵکی گەیارە و دەورووبەری.

سەڵاح حەسەن جبوری، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە رایگەیاند: " هێزی ئەمنی زۆر لەناو کەمپەکەدان، بۆیە پێموانیە کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە هەبێت، چونکە ناوچەیەکی ئارامە و خەڵکەکەشی هاوکارن".

بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، یەکەم کاروانی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەیشتوونەتە کەمپی جەدعە لە باشووری مووسڵ، کە لە 93 خێزان پێکهاتووە و نزیکەی 300 کەس دەبن، بڕیاریشە لە داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەشیان بگەڕێندرێنەوە.