هێرشەکانی سەر هەولێر بەرپرسانی ئەمهریکای نیگەران کردووە
K24 - ههولێر:
هێرشی درۆنەکان بۆ سەر هەولێر کۆشکی سپی نیگەران کردووە، وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا پلانی هێرشکردنەسەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانی داڕشتووە و چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی "بایدن" دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران پلانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانەکانی لە مووشەکەوە بۆ درۆنی بۆمبڕێژکراو گۆڕیوە. بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە "واشنتن پۆست"ی راگهیاند، سیستمی رادار ئەو درۆنانە نادۆزێتەوە، ئێستا گەورەترین مەترسین بۆسەر هێزەکانیان.
مانگی رابردووش لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕژێکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی "سی ئای ئەی" له فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
دواتر تا 10 میل شوێنی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەوتبووە سەر رێڕەوی فڕۆکە مەدەنییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و نەتوانراوە بەتەواوەتی شوێنی هاتنی دهستنیشان بکرێت.
پاشماوەی ئەو درۆنەکە لێکدراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری پێ ئەنجامدراوە، دروستکراوی ئێرانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی "واشنتن پۆست"، کە لە بەرپرسێکی باڵای ئەمهریکی وەرگرتووە، ئاماژهی بهوه كرد، ئەو شەوەی هێرشکراوەتە سەر هەولێر تا درەنگانێک مشتومڕی ئەوە کراوە چۆن وەڵامی هێرشەکە بدرێتهوه. یەکێک لەوانەی پێشنیازی وەڵامێکی توندی کردووە، "برێت مەکگۆرک"، هەماهەنگیکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بووە، بەڵام ئیدارەی "بایدن" دژی وەڵامدانەوە و هێرشی سەربازی بۆ سەر میلیشیاکان وەستاوەتەوە.
ئێستا پێنتاگۆن پلانی هێرشێکی توندی بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق داڕشتووە، چاوەڕێی ئەوە دەکات "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمهریکا پلانەکەیان پەسەند بکات.
لە عێراق تێکرا 3 هەزار سەربازی هاوپەیمانان ههن، لەنێوانیشیاندا 2 هەزار و 500 سەربازی ئەمهریکی هەن.
ئەو بەرپرسە ئەمهریکییە ئاشكرای كرد، لەدوای هەر هێرشێک یەکەم پرسیاری کۆشکی سپی و پێنتاگۆن ئەوەیە، هیچ سەربازێکی ئەمهریکی بەرکەوتووە؟ چونکە وەک ئەو بەرپرسیە ئاماژهی بۆ كردووه، کوژرانی سەربازی ئەمهریکی هێڵی سوورە.
فەرماندەیەکی سەربازی عێراقیش قسە بۆ ئاژانسی "ئەسۆشییەتد پرێس" کردووە و رایگهیاند، دەزانین سەرچاوەی هێرشەکان لە کوێیە و کێیان لەپشتە، بەڵام بێدەسەڵاتین و هیچمان پێناکرێت، ئەمەش بێ ئومێدی کردووین.
"واشنتن پۆست"یش ئاشكرای كرد، فەرماندە باڵاکانی عێراق دوور لە چاوی کامێرا و لە ژوورە تاریکەکاندا قسەی دڵی خۆیان دەکەن و دەڵێن: هەموو کات ترسیان لەکاردانەوەی میلیشیاکان هەیە، چ بە هێرشکردن بێت بۆسەر بنکە سەربازییەکان، چ بە کوشتنی چالاکوان و خەڵکی سڤیل لە شەقامەکان.
تازەترین نموونەش، دەستگیرکردنی "قاسم موسلیح"، فەرماندەی حەشدی شەعبی بوو، کە بەتۆمەتی کوشتنی چەند چالاکوان و خۆپیشاندەرێک دەستگیرکراو، دواتر ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی چۆن هەڵیانکوتاوهته سەر ناوچەی سەوز و ماڵی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق.
رۆژی 14ی نیسانی رابردوو، به فڕۆكهی بێفڕۆكهوان هێرشكرایه سهر فڕۆكهخانهی ههولێر و وەزارەتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستانیش رایگهیاند، دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان دەرکەوت، هێرشەکە بە رێگەی درۆنی TNT ئهنجامدراوه و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە.
د.ی